ساری گومانەکان لەسەر چارەنوسی پیانیچ زیاتر دەکات
پیانیچ دەیەوێت بچێتە بارسێلۆنا
ماوریزیۆ ساری، راهێنەری یانەی یۆڤێنتوسی ئیتاڵی بۆ یاریی جامی ئیتاڵیا بەرامبەر ناپۆلی بەشداری بە میرالیم پیانیچ ناوەڕاستکاری یانەکەی ناکات و ئەمەش دەنگۆی چوونی یاریزانە بۆسنیەکە لە خانمە پیرەکە بەهێزتر دەکات.
رۆژنامەی وەرزشی توتۆسپۆرتی ئیتاڵی لە ژمارەی ئەمڕۆیدا بڵاویکردووە کە ساری راهێنەری بیانکۆنێری بە هۆی ئەو ئاستە لاوازەی ناوەڕاستکاری یانەکەی بەرامبەر ئەیسی میلان لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێش کۆتایی جامی ئیتاڵیا پێشکەشی کرد، دەیەوێت ئەمجارە لە شوێنی پیانیچ یاریی بە سامی خزێرای ئەڵمانی بکات، ئەم گۆڕانکاریەش گومانەکانی لەسەر چارەنوسی ئەو یاریزانە بۆسنیایە زیاتر کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی ئەم وەرزە یانەکەی جێبێڵێت.
ماوەیەکە دەنگۆی ئەوە بڵاوبووەتەوە پیانیچ داوای لە کارگێری یانەکەی کردووە لە پێناو لەبەر کردنی درێسی بارسێلۆنا لە وەرزی داهاتوو، دەستبەرداری ببن، بەڵام بیانکۆنێری نایەوێت وا بە ئاسانی ئەو یاریزانە لەدەست بدات.