نێردراوی کوردستان24: باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق دەست بە کار نەبووەتەوە
باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق دەست بە کار نەبووەتەوە وجگە لە پاسەوانێک، کەسی تێدا نییە.
پێنجشەممە، 19-12-2024، محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "باڵیۆزخانەی وڵاتەکەمان لە دیمەشق کردووەتەوە و کارەکانی هاووڵاتییان ڕایی دەکات."
ئەمڕۆ شەممە، 21-12-2024، دیلان بەرزان، نێردراوی کوردستان24 لە بەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەکە لە دیمەشق، گوتی: "باڵیۆزخانەکەی عێراق تاوەکوو ئێستە نەکراوەتەوە و کەسی لێ نییە."
نێردراوی کوردستان24 باسی لەوەش کرد "هەرچەندە عێراق چەند ڕۆژێک دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد، کارمەندانی باڵیۆزخانەکەی لە بەیرووتەوە گەڕاندنەوە دیمەشق، بەڵام تاوەکوو ئێستە کەسیان دەست بەکار نەبوونەتەوە. "
پاسەوانێکی باڵیۆزخانەکە بە دیلان بەرزان، نێردراوی کوردستان24ـی گوت: "تاوەکوو ئێستە دیار نییە کەی باڵیۆزخانەکەمان دەست بە کارەکانی دەکاتەوە و ڕۆژانە نزیکەی 20 کەس پرسیارمان لەوبارەوە لێ دەکەن و داوای ڕاییکردنی کارەکانیان دەکەن."