مەسرور بارزانی هەموو لێخۆشبوونە گومرگییەکان هەڵدەوەشێنێتەوە کە لە دەرەوەی یاسا دراون

K24 - هەولێر

لە کۆبوونەوەیەکدا کە بەسەرپەرشتیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرا، بڕیاردرا "گشت دەروازە سنووریی و خاڵە گومرگییەکان بەپێی یاسا کارپێکراوەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان رێکبخرێنەوە و هەموو ئەو لێخۆشبوونە گومرگیانەش کە لە دەرەوەی یاساکان دراون، هەڵبوەشێنەوە".

‎لە درێژەی کۆبوونەوەکانی تایبەت بە چاکسازیی لە داهات و سەرچاوەکانی داهاتە گشتییەکان، ئەمڕۆ (دووشەممە، 2020-6-15) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە، سەرپەشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە گفتوگۆکردنی دەرئەنجامی کاری لیژنەکانی تایبەت بە رێکخستنەوەی بواری گومرگ و لێخۆشبوونی گومرگی و دەروازە سنوورییەکان کرد.

‎لە کۆبوونەکەدا کە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت و ژمارەیەک لە وەزیرە پەیوەندیدارەکان بەشدار بوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی ئەنجامی کاری لیژنەکانی تایبەت بە بواری رێکخستنەوەی بواری گومرگ و دەروازە سنوورییەکان و پێداچوونەوە بە لێخۆشبوونە گومرگییەکان، وەک بەشێک لە پرۆسەی چاکسازیکردن لە داهاتە گشتییەکان.

‎لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، وەزیرانی ناوخۆ و دارایی و ئابووری وەک سەرپەرشتیارانی لیژنەکان راپۆرتەکانی خۆیان پێشکەش کرد، کە تێیدا ئاماژەیان دا بەو پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینییەی بۆ سەرجەم یاسا و ڕێنمایی وگرێبەستەکان ئەنجامیان دابوو دوای سەردانی مەیدانیان، سەرەڕای خستنەڕووی کێشە و گرفتەکان، پێشنیارەکانی خۆشیان خستەڕوو.
‎سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە گرنگیی هەردوو بابەتەکە دا و ئەوەی دووپاتکردەوە چاکسازیکردن و "رێکخستنەوەی داهاتە گشتییەکان، ئەرکی لەپێشینەی ئەم کابینەیەیە" و، بابەتەکانی پەیوەست بە گومرگەکان و رێکخستنەوەی دەروازە سنوورییەکانیشی بە بەشی گرنگی ئەم چاکسازییە لە داهاتی گشتی زانی.

‎لە کۆبوونەوەکەدا سەرەڕای جەختکردنەوە لە پشتیوانی حکومەتی هەرێم بۆ کەرتی تایبەت و پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و برەودان بە هاوبەشیپێکردنی کەرتی تایبەت لە بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم و دەستخستنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییان، بڕیاردرا، گشت دەروازە سنووریی و خاڵە گومرگییەکان بە پێی یاسا کارپێکراوەکان و ستانداردە نێودەوڵەتییەکان رێکبخرێنەوە و هەموو ئەو لێخۆشبوونە گومرگیانەش کە لە دەرەوەی یاساکان دراون هەڵبوەشێنەوە، سەبارەت بە گرێبەستی ئەو خزمەتگوزارییانەی لە دەروازە سنوورییەکانيش لە لایەن کەرتی تایبەتەوە بەڕێوە دەبرێن، لە کۆبونەوەکە جەختکرایەوە کە پێویستە لە نزیکترین دەرفەتدا، ئەنجامی کۆتایی ووردبینی و پێداچوونەوە بە سەرجەمیان تەواو بکرێت و لە بەر ڕۆشنایی بەرژەوەندی گشتی و بە ڕەچاوکردنی یاسا وڕێنماییەکان ، بڕیاریان لە بارەوە بدرێت.


 

هـ.ر.