شاندێکی وەزارەتی دارایی لە بەغدایە و لیستی مووچە ڕادەست دەکات
شاندێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەکردنی کێشەکانی تایبەت بە مووچەی مانگەکانی 11 و 12 لە بەغدایە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هۆشمەند سادق، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "شەوی ڕابردوو (شەممە، 21-12-2024) شاندێکی وەزارەتەکە گەیشتووەتە بەغدا."
شاندەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی لە بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری، بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و ژمارەیەک لە ڕاوێژکارانی وەزارەتەکە پێک هاتووە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، ئەو شاندەیەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی، لیستی مووچەی مانگی 12ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵ خۆی بردووەتە بەغدا و ڕادەستی وەزارەتی دارایی عێراق دەکات.
سەرچاوەکەی کوردستان24 باسی لەوەش کرد، لە ماوەی کەمتر لە 24 کاتژمێری داهاتوو چارەنووسی مووچەی هەردوو مانگی 11 و 12 یەکلایی دەکرێتەوە.
دووشەممە، 16-12-2024، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی 10ـی فەرمانبەرانی ڕاگەیاند و ڕوونکردنەوەیەکی سێ خاڵیشی لەبارەی مووچەی مانگی 11 و ڕاگرتنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی بایۆمەتریان نەکردووە، بڵاو کردەوە:
1- ئەو بڕە پارەیەی کە لە تەرخانکراوەکانی پشکی هەرێمی کوردستان بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچە بڕیاری گواستنەوە (مناقلة)ی لەسەر دراوە هێشتا تەمویلەکەی نەخراوەتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان.
2- تەمویلی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11) کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بڕیاری خەرجکردنی دراوە، بەهەمان شێوە هێشتا نەخراوەتە سەر هەژماری بانکیمان.
3- هەر فەرمانبەر و مووچەخۆرێک کە تا ئێستا خۆی لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار نەکردووە، مووچەکەی لە فەرمانگەکەی خۆی ڕادەگیرێت تا لەماوەی ئەم چەند ڕۆژەی کۆتایی ساڵدا کۆدی بایۆمەتری بۆ دەکرێت ئەوسا مووچەکەی بۆ خەرج دەکرێت.