حووسییەکانی یەمەن: ئامادەین بۆ شەڕی دژی ئیسرائیل

حووسییەکانی یەمەن ئامادەیی خۆیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل لە سەرجەم بوارەکاندا ڕاگەیاند.
محەممەد ئیبراهیم، باڵیۆزی حووسییەکانی یەمەن لە ئێران، ڕایگەیاند "لەگەڵ ئیسرائیل لە شەڕداین و ئاگاداری دەرئەنجام و مەترسییەکانی شەڕین، بەڵام سەرەڕای ئەمەش ناترسین و لە سەرجەم بوارەکاندا ئامادەین ڕووبەڕووی ئیسرائیل ببینەوە."
باڵیۆزی حووسییەکانی یەمەن لە ئێران ئاماژەی بەوەش دا "یەمەن سەرەکیترین مەیدانی بەرگرییە لە دژی ئیسرائیل، دەبێت پێگەی خۆمان لەناو بەرەی مقاوەمە بەهێز بکەین تاوەکوو ئەو کاتەی ئیسرائیل، گەمارۆی سەر غەززە هەڵدەگرێت."
ئـەمە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو (شەممە، 21-12-2024) سێ هێرشی ئاسمانی، مۆڵگەی سەربازی و پێگەکانی حووسییەکانیان لە سەنعای پایتەختی یەمەن بۆمباران کرد.
ڕۆژێک پێشتریش حووسییەکانی یەمەن ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل کرد و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون.