حووسییەکان هۆشداری دەدەنە وڵاتان
حووسییەکانی یەمەن هۆشداری دەدەنە وڵاتان لە هەر جۆرە پشتیوانییەکی ئیسرائیل بۆ هیرشکردنە سەر یەمەن.
جەمال عامر، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی حووسییەکانی یەمەن لە پلاتفۆرمی "X" ڕایگەیاند: "هەر دەوڵەتیك، بە هەر شێوەیەک پشتگیریی قەوارەی زایۆنی بکات، بە هاوتاوان لە قەڵەم دەدرێت و باجی بەرەنجامی کارەکەی دەدات. ئیتر ئۆباڵی خۆیان لە ئەستۆی خۆیانە"
عامر، وەڵامی لێدوانەکانی ئیسرائیلی سەبارەت بە بوونی “بانکی ئەهداف” بۆ حووسییەکان دایەوە و گوتی: “ئەو قەوارە سەرلێشێواوەی باسی بانکی ئەهداف دەکات، هەر لە سەرەتاوە شکستی خۆی ڕاگەیاندووە."
ئـەمە لە کاتێکدایە، شەوی ڕابردوو (شەممە، 21-12-2024) سێ هێرشی ئاسمانی، مۆڵگەی سەربازی و پێگەکانی حووسییەکانیان لە سەنعا بۆمباران کرد.
ڕۆژێک پێشتریش، حووسییەکانی یەمەن ژمارەیەک مووشەکیان ئاراستەی تەلئەڤیڤی پایتەختی ئیسرائیل کرد و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون.