وەزیرێکی ئیسرائیل داوا دەکات ئاگربەستی غەززە بەرانبەر بە ئازادکردنی بارمتەکان بێت

وەزیری هاوکاریی هەرێمیی ئیسرائیل ڕایگەیاند "لە بەرامبەر ڕاگرتنی شەڕی کەرتی غەززە، دەبێت سەرجەم بارمتەکان ئازاد بکرێن. 

یەکشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەیڤید ئەمسالم، وەزیری هاوکاریی هەرێمیی ئیسرائیل بە ڕادیۆی 'ڕیشێت بێت'ـی ڕایگەیاند "پشتگیری ڕێککەوتنێکی تۆکمە دەکات بۆ وەرگرتنەوەی سەرجەم بارمتەکان لە بەرانبەر ڕاگرتنی شەڕی کەرتی غەززە." گوتیشی: "پێشنیازیی کردووە کۆتایی بە شەڕەکە بهێنن."

وەزیرەکەی ئیسرائیل دەشڵێت: " شەڕی ئێمە  لە غەززە بۆ چەندین ساڵی داهاتوو بەردەوام دەبێت، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز لەوەی ئەمڕۆ." گوتیشی: "تاکە شتێک کە پێویستە پێداگریی لەسەر بکەین، کۆنترۆڵکردنی بەرەی فیلادلفیایە."

بەرپرسێکی ئاگادار لە بابەتەکە، ڕایگەیاند "تاوەکو ئێستا شاندی ئیسرائیل لە دەوحەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا هەندێک جیاوازی هەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە، دەزگای پەخشی 'کان 11'ش بڵاوی کردەوە، ئەو بابەتە پێویستی بە کاتێکی زیاترە بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە تاوەکوو لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە قبوڵکراو بێت."