وەزیری دارایی و تیمی هەژماری من تاوتوێی پرۆسەی بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆران دەکەن

وەزیری دارایی و تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من کۆبوونەوە و باسیان لە دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان کرد و بەپێی نوێترین ئامار ئێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە ڕێگەی 8 بانکەوە خۆیان تۆمار کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیی لە تیمی سەرپەرشتیاری پرۆژەی هەژماری من لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی دارایی، لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە سەر دواین بەرەوپێشچوونەکانی پرۆژەکە لەسەر ئاستی پارێزگاکان کرا و بەپێی نوێترین ئامار تا ئێستا نزیکەی 700 هەزار فەرمانبەر و مووچەخۆر لە ڕێگەی هەشت بانکەوە خۆیان تۆمار کردووە. 

بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە 318 هەزار کارتی بانکی دابەشکراوە و 306 ئامێری ڕاکێشانی پارە بەردەستە، هەروەها بۆ مانگی تشرینی دووەم نزیکەی 221 هەزار مووچەخۆر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن. 

وەزارەتەکە دەڵێت: بۆ مانگی کانوونی دووەمی ساڵی داهاتوو سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی لە پارێزگای هەولێر بەشێوەی دیجیتاڵی مووچەکانیان وەردەگرن. 

لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە تیشک خرایە سەر ئامادەکاریەکان بۆ کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ سەرجەم خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و لەو ڕوەوە چەندین کارئاسانیان بۆ دەکرێت و بڕیاریشە لەساڵی داهاتوودا هەنگاو بە هەنگاو پرۆژەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی و ئابووری بکرێت. 

لە ڕاگەیندراوەکە ئاماژە بەوەش کراوە، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پرۆژەی هەژماری من سود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلیانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.