جەیک سۆلیڤان: کوردەکان پاسەوانی لە بەندیخانەیەک دەکەن هەزاران چەکداری داعشی تێدایە
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دەڵێت: بەردەوام دەبین لە پشتیوانی کردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە)، دەشڵێت: ئەوان پاسەوانیی لە بەندیخانەیەک دەکەن کە هەزاران چەکداری داعشی تێدایە، ئەگەر ئەو چەکدارانە ڕزگارییان ببێت، ئەوە دووچاری گەورەترین هەڕەشە دەبینەوە.
یەکشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2024، جەیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا گوتی: گەورەترین نیگەرانیی ئێمە لە سووریا ئەوەیە، داعش سوود لە نەبوونی دەسەڵات لە ناوچەکە وەربگرێت، دەشڵێت: کوردەکان باشترین هاوپەیمانی ئێمە بوون لە شەڕی دژ بە داعش، نیگەرانین لەوەی تورکیا ئەوان بەشەڕی خۆیان سەرقاڵ بکەن.
سۆلیڤان گوتی: بەردەوامی بە پشتیوانییەکانمان بۆ هێزەکانی سووریای دیموکرات(هەسەدە) دەدەین، بۆ ئەوەی داعش سەر هەڵنەداتەوە.
دەڵێت: کوردەکان پاسەوانی لە بەندیخانەیەک دەکەن، هەزاران چەکداری داعشی تێدایە، ئەگەر ئەو چەکدارانە دەربچن، ئێمە ڕووبەڕووی هەڕەشەیەکی گەورە دەبینەوە.
ئەو گوتانەی جەیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا دوای کۆنگرە ڕۆژنامەنووسیەکەی ئەمڕۆ یەکشەممەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ، ئەحمەد ئەلشەرع، ناسراو بە (ئەبو محەممەد جۆلانی)، فەرماندەی دەستەی تەحریر شام لە دیمەشق هات کە باسیان لە، دانانی چەکی گرووپەکان کرد، لەنێو ئەوانیشدا پەکەکە و یەپەگە و هەسەدە.