یەمەن: قەڵای سیرە، دەروازەی مێژوویی شاری عەدەنە
لە دوورگەیەکی پارێزگای عەدەنی باشووری یەمەن، قەڵای سیرە لەسەر لووتکەی چیایەکی گڕکانی دروست کراوە، قەڵاکە، ئاماژەیە بۆ مێژوو و شارستانییەتی یەمەنییەکان، مێژووی دروست کردنی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی یازدەی زاینی.
لەسەرانسەری یەمەنەوە خەڵک بەمەبەستی گەشتیاری و بەسەربردنی کاتێکی خۆش، سەردانی قەڵای سیرە دەکەن، قەڵاکە بەهۆی جوانی و مێژووەکەیەوە بووەتە پێگەیەکی گەشتیاریی بەناوبانگی یەمەن.
ئەم قەڵایە لەهەموو لایەکەوە بە دەریا دەور دراوە، لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە 430 پێ بەرزە.
قەڵاکە، لە سەدەی یازدەی زانیدا بنیات نراوە، تا ئەمڕۆش پتەوە و وەک خۆی ماوەتەوە. قەڵای سیرە گەواهیدەری زۆرێک لە ڕووداو و گۆڕانە سیاسی و سەربازییەکانی یەمەن بووە.
محەمەد عەلی، پسپۆڕی مێژوو بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "قسەکردن دەربارەی قەڵای سیرە، قسەکردنە دەربارەی مێژووی عەدەن، عەدەن شارێکی مێژووییە و سەدان ساڵ هەوڵی داگیرکردنی دراوە، بەڵام بەهۆی بەرزی و سەختییەکەیەوە زۆر بەکەمی توانراوە داگیر بکرێت."
بۆ گەیشتن بە قەڵاکە پێویستە بە پلەکانەی بەردیندا سەرکەویت، ڕەنگە ڕێگەکە کەمێک درێژ و ماندووکەر بێت، بەڵام دیمەنی جوانی سروشت و قەڵاکە شایەنی ئەو ماندووبوونەیە.
قەڵای سیرە، لە دوو بورجی هاوشێوەی لە درێژیدا پێک هاتووە، هەر بورجێک چەند پەنجەرەیەکی بۆ دروست کراوە، لە ناوەندیشدا دەرگایەکەی بچووک بۆ چوونە ژوورەوە هەیە.
لای خۆیەوە محەمەد عادل، گەشتیار دەڵێت: "سەردانی ئەم قەڵایە هەستێکی ناوازەمان پێ دەدات، زۆبەی خەڵکی عەدەن سەردانی ئێرە دەکەن، گەشتیاران لە ڕێگەی ئەم قەڵایەوە پێگەی ستراتیجیی عەدەن و لایەنە مێژووییەکەی شارەزا دەبن، هەروەها چێژ لەو جوانیەی ئێرە دەبینن لەم بەرزاییەوە."
ئەم شارستانیەتی یەمەن، کە بەدرێژای چەندان سەدە بەپێوە ماوەتەوە، ناوچەکەی کردووە بە شوێنێکی گەشتیاری گرنگ، لە عەدەن و ناوچەکانی دیکەی یەمەنەوە سەردانی دەکەن.
ئەیمەن قادر، پەیامنێری کوردستان24 لە یەمەن