سوودانی: دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی کوردانی ئەنفالکراو دڕندەیی ڕژێمی بەعسمان بەبیر دەهێنێتەوە
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی کوردانی ئەنفالکراو لە سەماوە، دڕندەیی ڕژێمی بەعسی ڕەگەزپەرستمان بەبیر دەهێنێتەوە."
دووشەممە، 23-12-2024، محەممەد شییاع سوودانی، ســەرۆک وەزیرانی عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕێکی بەکۆمەڵی کوردانی ئەنفالکراو لە بیانەکانی سەماوە، بڵاو کردەوە.
سوودانی لەبارەی دۆزینەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکە نووسیویەتی: "سەرباری تێپەڕینی چەندان ساڵ بەسەر لەناوچوونی ڕژێمی بەعس و زۆردارییەکانی بەرانبەر عێراقییەکان، بەڵام بەڵگەی تاوانە چەپەڵەکانی ئەو ڕژێمە، ڕۆژانە دەدۆزرینەوە، تاوەکوو بۆ گشت نەوەکان گەورەیی ئەو تاوانانە بگێڕنەوە کە گەلی عێراق لەسایەی بەعسدا چەشتوویانە."
ســەرۆک وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "دۆزینەوەی گۆڕێکی بە کۆمەڵی نوێ، کە ڕووفاتی پیرۆزی بێتاوانانی مەدەنیی لە ژن و منداڵی گەلی کوردمانی تێدایە، کاروانی خوێن و خەبات و ئازاری گەلەکەمان وەبیر دێنێتەوە لە سایەی ئەو ڕژێمە ڕەگەزپەرستەدا."