دەستەی گەشتوگوزار: ئاسانکاریی تەواومان بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران کردووە

سێشەممە، 24-12-2024، ئیبراھیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، لەبارەی ھاتنی گەشتیاران بۆ پشووەکانی سەری ساڵ، بە ماڵپەری کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "پێشبینی دەکەین گەشتیاران بە ڕێژەیەکی بەرچاو بێنە شارەکانی ھەرێمی کوردستان، بە مەبەستی بەسەربردنی پشووەکانی سەری ساڵ و لە سەرەتای ئەم مانگەوە لەسەر ھەردوو ئاستی کەرتی تایبەت و کەرتی گشتی دەستمان بە ئامادەکارییەکان کردووە".

ئیبراھیم عەبدولمەجید گوتیشی: "کەرتی گشتی، واتا ئەو ھەماھەنگییەی لە نێوان دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتییەکان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پەیوەندیدار وەک وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بازگەکان ھەیە،  ئاسانکاریییەکی ئێجگار زۆر پێشکەش بە گەشتیاران دەکەن و لەماوەی کەمتر لە پێنج خولەکدا گشت ڕێکارەکان بۆ گەشتیاران دەگیرێتەبەر و دەتوانن بێنە ناو شارەکان، ھاوکات چەندین لیژنەی جیاواز بە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی جیاواز لە ئیدارە و پارێزگا سەربەخۆکان پێک ھاتوون."

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێم ئاماژە بەوە دەکات کە بازگەکان دەتوانن ڕوویەکی جوانی ھەرێم نیشانی گەشتیاران بدەن؛ ھەر بۆیە لیژنەکانی پێشوازی لە بازگەکان دەبن بۆ پێشوازیی لە گەشتیاران.  لەم بارەیەوە گوتی: "بازگەکان بۆ ئێمە زۆر گرنگ و ئاوێنەی شارەکانی ھەرێمی کوردستانن و دەمانەوێت لەوێوە دیوێکی جوانی پێشوازیی و میوانداریی نیشانی گەشتیاران بدەین و تیمەکانمان لەوێوە بە پێدانی بڕۆشۆر و نەخشەی گەشتیاری لە پێشوازیی میواناندا دەبن، ھاوکات لە سەنتەری شارەکانیش تیمەکان بەشێوەیەکی بەردەوام ئەو بنکە گەشتیاریانە بەسەر دەکەنەوە کە چالاکییەکانی تێدا بکرێن."

لەبارەی پێشبینییەکانییان بۆ ھاتنی ژمارەی گەشتیاران بۆ ھەرێم، ئیبراھیم عەبدولمەجید گوتی: "پار بۆ پشووەکانی سەری ساڵ لە ماوەی ھەفتەیەکدا نزیکەی 200 ھەزار گەشتیار هاتنوونە ناوچە گەشتیارییەکانی ھەرێم ، بۆ ئەمساڵیش بە پشتبەستن بەو ئامادەکارییانەی کە ھەمانە، پێشبینی دەکەین زیاتر لە 200 ھەزار گەشتیار سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن، لە پشووەکانی سەری ساڵ زۆرینەی گەشتیاران لە باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن بەڵام کۆی ساڵاکە دەتوانین بڵێین سەدا 25ـێ ئەم گەشتیارانەی دێنە ھەرێم ئەوانەن لە دەرەوەی عێراقەوە دێن و پێیان دەگوترێت گەشتیاریی نێودەوڵەتی."

یەکێک لەو بابەتانەی کە زۆرترین قسەی لەسەر دەکرێت، بابەتی نرخە و لەبارەی چاودێرییکردنی نرخەکانەوە، ئیبراھیم عەبدولمەجید ئاماژەی بەوە کرد: "نرخ یەکێکە لەو بابەتانەی بە شێوەیەکی بەردەوام لە کاتی بۆنەکاندا ڕووبەڕووی ڕەخنە و ھەندێکجاریش سکاڵا دەبینەوە لەلایەن گەشتیارانەوە، بۆ چارەکردنی ئەم کێشەیە ھەنگاو گیراوەتەبەر، یەکێک لەو لیژنەی پێک ھێنراوە ئەرکە سەرەکییەکەی بریتییە لە چاودێرییکردنی نرخ و بێگومان سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی یاسایی دەبنەوە."

لە ھەرێم، سێ ھەزار و 100 بنکە و ناوەندی گەشتیاریی ھەیە کە خزمەتگوزاریی پێشکەش دەکەن و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانیان دەکەن، ھاوکات بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بەشێک لەو شوێنانەی بریتیین لە 714 کافتریا، 10 شاری یاری، 589 ڕێستورانت، 599 کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، 54 کۆمەڵگای گەشتیاری، 460 ھۆتێل و 282 مۆتێل.