ئومێد خۆشناو باسی هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەولێر بۆ کوردستان24 دەکات

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر

پارێزگاری هەولێر، لە ڕێگەی کوردستان24ـەوە، پشتگیری سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بۆ یانەی وەرزشی هەولێر دووپات دەکاتەوە و باسی لە بارودۆخ و هەڵبژاردنی یانەکە دەکات، هاوکات داواکارییەکی ئاراستەی دەنگدارانی یانەکە کرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی کانوونی یەکەم 2024، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "سبەینێ هەڵبژاردنی دەستەی کارگێڕیی یانەی وەرزشی هەولێر بەڕێوەدەچێت، داوا لە دەنگدەران دەکەم، بە ویژدانەوە دەنگ بەو کاندیدە شیاو و دڵسۆز و خەمخۆرانەی یانەکەیان بدەن".

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی دا، سەرۆکی حکوومەت لە هەموو بارودۆخە سەختەکاندا بە بەردەوامی لەسەر خەت بووە، بۆ هاوکاریی یانەکە، چونکە یانەکە لە ڕابردوودا بە قۆناغێکی سەختدا تێپەڕیوە، سەرەڕای پشتگیرییە بەردەوامەکەمان، بەڵام خۆشبەختانە دەستەی کاتی بەڕێوبردنی یانەکە توانیان بە سەرکەوتوویی قۆناغەکە تێپەرێنن". 

ئومێد خۆشناو، گوتی: "یانەکە بە تەنیا نوێنەرایەتیی هەولێر ناکات، بەڵکو چەندینجار لە پاڵەوانێتییەکان، بە نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێمی کوردستانی مێژووی تۆمار کردووە".

یانەی وەرزشی هەولێر لە ساڵی 1968 دامەزراوە، تاوەکو ئێستا چوار جار بووەتە پاڵەوانی خولی نایابی عێراق، ھەروەھا چەندین جار بەشداریی پاڵەوانێتی جامی یەکێتی ئاسیای کردووە و دووجار پلەی دووەمی بەدەست ھێناوە، هەروەها سێ جاریش بووەتە پاڵەوانی خولی نایابی کوردستان.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment