ترەمپ لەگەڵ دەستبەکاربوونی سزای لەسێدارەدان دەگەڕێنێتەوە

سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا ڕایگەیاند: لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە پۆستەکەی، وەزارەتی دادی وڵاتەکە ڕادەسپێرێت کە بە تووندی سزای لەسێدارەدان بەسەر بکوژ و تاوانبارە مەترسیدارەکان جێبەجێ بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2024، دۆناڵد ترەمپ، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس بڵاوی کردەوە، لەگەڵ دەستبەکاربوونم لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، وەزارەتی داد ڕادەسپێرم، کە بە تووندی سزای لەسێدارەدان جێبەجێ بکەن، ئەمەش لەپێناو پاراستنی خانەوادە و منداڵانی وڵاتەکە لە دەستدرێژیکار و بکوژەکان.
ئەم لێدوانەی ترەمپیش دوای ئەوە هات، دوێنێ جۆو بایدن، سەرۆکی وڵاتەکە سزای 37 زیندانی لەسێدارەدانی فیدراڵییەوە گۆڕیوە بۆ زیندانی هەتاهەتایی.
ترەمپ لە یەکەم خولی سەرۆکایەتیدا لە ساڵانی 2017 تا 2021 سزای لەسێدارەدانی فیدراڵی دووبارە جێبەجێ کردەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە سزاکە بۆ ماوەی 20 ساڵ بوو ڕاگیرابوو.
هەروەها بایدن کە خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا کاندید کرد، بە توندی دژی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان بوو، هەروەها کاتێک لە مانگی یەکی ساڵی 2021ـدا دەستبەکار بوو، سزای لەسێدارەدانی لەسەر ئاستی فیدراڵی ڕاگرت.