ئێران ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران تۆپباران دەكات
چەند ناوچەیەك كەوتوونەتە ژێر تۆپبارانی ئێران
K24 - چۆمان
تۆپخانەكانی سوپای ئێران، تۆپبارانی ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەران دەكەن.
پەیامنێری كوردستان24 لە دەڤەرەكە رایگەیاند: "سوپای ئێران ناوچەكانی دۆڵی ئاڵانە، كێلی غەزالێ، بەردەسۆران، لە سنووری شارەدێی حاجی ئۆمەران تۆپباران دەكەن".
روونیكردەوە: "ئەو شوێنانەی كەوتوونەتە بەر تۆپبارانەكە شوێنی نیشتەجێبوونی كۆچەرییەكانن، كە ساڵانە لە وەرزی بەھارەوە لەناوچەكانی دیكەی ھەرێمی كوردستان بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات رووی تێدەكەن، بەڵام تائێستا زانیاری لەبارەی زیانەكان نەزانراوە".
بەگوێرەی زانیاری پەیامنێرمان: "پێش دەستپێكردنی تۆپبارانەكە فڕۆكەی چاودێری بە ناوچەكەدا سوڕاوەتەوە، چەند ساتێك دوای ھاتنی فڕۆكەی چاودێری تۆپباران دەستیپێكردووە".
ساڵانە ناوچە سنوورییەكانی ھەرێمی كوردستان لەلایەن ئێران و توركیا بۆردومان و تۆپباران دەكرێن. تۆپبارانی ئەمڕۆی ناوچە سنوورییەكانی حاجی ئۆمەرانیش دوای ئەوەدێت، دوێنێ ھەردوو وەزیری دەرەوەی ئێران و توركیا لە ئیستانبوڵ كۆبوونەوە. بەگوێرەی زانیارییەكان یەكێك لەو خاڵانەی لەسەری رێككەوتوون رووبەڕووبوونەوەی دژبەرانی ھەردوولا بووە، كە پەكەكە و حزبەكانی رۆژھەڵاتی كوردستانن.