گەڕێكی ئاگرین لە خولی نایابی كوردستان كۆتایی هات

شێروانە و فەرحان شكوور شوێنی خۆیان لە لوتكە پتەوتر كرد

خۆشحاڵی یاریزانانی پێشمەرگە دوای گۆڵەكەی محەمەد جەوهەر بەرامبەر چوارقوڕنە.  فۆتۆ: نەژاد بێكهام
خۆشحاڵی یاریزانانی پێشمەرگە دوای گۆڵەكەی محەمەد جەوهەر بەرامبەر چوارقوڕنە. فۆتۆ: نەژاد بێكهام

گەڕی دەیەمی خولی نایابی كوردستان كۆتایی هات و شێروانە سوودمەندی ئەم گەڕە بوو، چونكە سەركەوتنی تۆمار كرد و ركابەرە سەرسەختەكەشی كە پێشمەرگەیە نەیبردەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە، فەرحان شكوور بێدەنگی شكاند دوو گۆڵی لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتی زاخۆ تۆمار كرد و شوێنی خۆی لە لوتكەی گۆڵكارانی خولەكە قایمتر كرد.

شێروانە پێشەنگ چۆل ناكات
لە یارییەكی لوتكەدا، شێروانە لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی یانەی ئاكرێی كرد، یانە كەلارییەكە هەر زوو لە رێگەی بەرگریكارە گۆڵكارەكەی (كۆڕەنگ محەمەد) لە خولەكی هەشت گۆڵی یەكەمی شێروانەی بە لێدانی سەر تۆمار كرد، گۆڵەكەش بە ئاسیستی مایسترۆی یانەكە بیلال ساڵح بوو.
یارییەكەش تا كۆتایی بەم تامە گۆڵە لە بەرژەوەندی شێروانە كۆتایی هات، ئاكرێ تووشی سێیەمین شكست بوو، لە بەرامبەردا شێروانەش لە كۆی 10 یاری، 7 بردنەوەی بەدەستهێنا و بە كۆكردنەوەی 22 خاڵ شوێنی خۆی لە لوتكەی خولەكە پتەوتر كرد.

 

نوێنەرەكەی راپەڕین كێشەی بۆ پێشمەرگە دروست كرد
یانەی چوارقوڕنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشمەرگەی هەولێر سەردانی شارۆچكەی پیرمامی كرد، پێشمەرگەكانی تەها قادر هەر زوو لە رێگەی محەمەد جەوهەر بە ئاسیستی پەیام ئەحمەد تۆڕی گۆڵی یانەكەی دەڤەری راپەڕینیان هەژاند.
دواتر لە نیوەی دووەم، بە دیاریكراوی لە خولەكی 54 هەورۆ حەمەد ئەنجامەكەی بۆ چوارقوڕنە یەكسان كردەوە و یارییەكە بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات، بەمەش چوارقوڕنە بۆ نۆیەمین یاریی لەم وەرزە نەیتوانی تامی سەركەوتن بكات و بەخاڵێك لە بەرزاییەكانی پیرمامەوە بەرەو راپەڕین گەڕایەوە، یانەی پێشمەرگەش بەم یەكسانبوونە ژمارەی خاڵەكانی بۆ 19 خاڵ بەرز كردەوە، بەڵام بە جیاوازی 3 خاڵ لە یانەی شێروانەی پێشەنگ دووركەوتەوە.

 

زاخۆ بە زەحمەت لە شكست رزگاری بوو
یانەی زاخۆ خەریك بوو لەنێو یاریگەی نێودەوڵەتییەكەی خۆی خەریك بوو تووشی شكست بێت، بەڵام پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات عومەر بیبۆ وەكو هەمیشە فریای زاخۆی دەلال كەوت و بە گۆڵێكی كوشندە یارییەكەی یەكسان كردەوە و رێگەی نەدا دەربەندییەكان بە 3 خاڵەوە بەرەو گەرمیان بگەڕێنەوە، یارییەكە بە 2 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات. لەو یارییەدا فەرحان شكوور هێرشبەری دەربەندیخان دوو گۆڵی لە یانەی زاخۆی پێشووی تۆمار كرد، دۆس سانتۆسی بەرازیلیش ژمارەی گۆڵەكانی لەم وەرزە بە درێسی زاخۆ گەیاندە پێنج گۆڵ.

 

ریمۆنتادیەكی مێژوویی تۆمار كرا
یانەی برایەتی لە نێو یاریگەی خۆی میوانداریی سیروانی نوێی شاری سلێمانی كرد، لە نیوەی یەكەم هیچ لایەك نەیانتوانی بەربەستی یەكەسانبوون بشكێنن و تۆڕی گۆڵی یەكتر بهەژێنن، بەڵام لە نیوەی دووەم رووداوەكان گەرموگوڕتر بوون.
لە خولەكی 59 لە هێرشێكی هەڵگەڕاوەدا ناوبژیوان فیكەی لێدانی پێناڵتی بۆ برایەتی هەژمار كرد و محەمەد خەلیل لێدانەكەی بە سەركەوتوویی جێبەجێ كرد و حەوتەمین گۆڵی لەم وەرزە تۆمار كرد.
برایەتی نزیك بوو لەوەی سەركەوتن تۆمار بكات، بەڵام لە خولەكی 89 كاروان باپیر ئەنجامەكەی بۆ سیروانی نوێ یەكسان كردەوە، پاشان لە خولەكی 92 بەهائەدین بەكر گۆڵكاری مێژوویی یانەی سیروانی نوێ رێگەی نەدا ناوبژیوان فیكەی كۆتایی یارییەكە لێ بدات تاوەكو گۆڵی دووەمی یانەكەی تۆمار كرد و سەركەوتنێكی كوشندەیان لەبەردەم هاندەرانی برایەتی تۆمار كرد، ئەمەش چوارەمین بردنەوەی سیروانی نوێ بوو، بە كۆكردنەوەی 15 خاڵیش بۆ خانەی چوارەم سەركەوتن، لە بەرامبەر برایەتی چوارەمین یاریی دۆڕاند و بە 12 خاڵ بۆ خانەی نۆیەم دابەزی.