سوید بڕیاری ناردنەوەی پەنابەرانی سووری ڕاگرت

سوید
سوید

بەهۆی ئەو ناڕوونییەی لە ئایندەی سووریادا هەیە، دەزگای کۆچبەرانی سوید بڕیاری ناردنەوەی پەنابەرانی سووری لە وڵاتەکەی ڕاگرت.

دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا، سوید و ژمارەیەک لە وڵاتانی ئەوروپا بڕیاری ناردنەوەی سوورییەکانیان دا، هاووڵاتییان و ڕۆژنامەوانانیش دەڵێن: جارێ زووە بۆ ناردنەوەیان لەبەر ئەوەی بارودۆخ هێشتا لە سووریا گونجاو نییە، ئاسۆی وڵاتەکەش ڕوون نییە.

کۆردۆ باکسی، ڕۆژنامەنووس بۆ کوردستان24 دەڵێت: ئەو بڕیارەی سوید داویەتی باش نییە، چونکە ئەو پەنابەرە سووریانەی هاتوونەتە سوید، ناتوانن بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان کە نازانن سبەی چی ڕوو دەدات، ترس لەوە هەیە وڵاتێکی ئیسلامی لە سووریا دروست بێت، یاخود تورکیا ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان داگیر بکات، بۆیە ئەو سووریانەی لە سوید ماونەتەوە، دەیانەوێت  مافی مانەوەیان پێبدرێت.

ئەو بڕیارەی سوید لەبارەی پەنابەرانی سووریا هۆکاری خۆی هەیە، حشمەت خوسرەوی کارمەندی ئیدارەی پەنابەران لە سوید دەڵێت: کارل بێکسولوس، بەرپرسی بەشی یاسایی دەزگای کۆچبەرانی سوید چەند ڕۆژ پێش ئێستا ڕایگەیاند، ئێستا سووید کار لەسەر ئەو پێشنیازە دەکات، بەڵام هێشتا زووە بۆ ناردنەوەی ئەو پەنابەرانە، بۆیە دەزگای کۆچبەرانی سوید بڕیارێکی دەرکردووە بۆ ڕەتکردنەوەی کەیسی پەنابەری لە بارەی ناردنەوە بەشێوەیەکی کاتی، هۆکاری دەرکردنی ئەو بڕیارەش لەبەر ئەوەیە، تا ئێستا بارودۆخی سووریا  دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد نا ڕوونە، سوید پێشتریش گوتبووی، ئەگەر سەقامگیریی لە سووریا دروست بێت، ئەو پەنابەرانە دەگەڕێندرێنەوە سووریا.

بەپێی داتاکانی ساڵی 2019ـی سوید، 240 هەزار و 997 هاووڵاتی سووری لە سوید دەژین، پاش دەستپێکردنی شەڕ و ئاڵۆزیی ناوخۆی سووریا، لە ساڵی 2011، نزیکەی 1.18 ملیۆن هاووڵاتی سووری ڕوویان لە وڵاتانی ئەورووپایی کردووە، لەو ژمارەیە 189 هەزاریان لە سوید نیشتەجێ بوونە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment