سلۆڤاکیا دەیەوێت میوانداری ئاشتی ڕووسیا و ئۆکرانیا بکات

ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا ئاشکرای کرد، سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا کە یەکێکە لە سەرکردە ئەورووپییەکانی نزیک لە کرێملن، پێشنیازی میوانداری دانوستانەکانی ئاگربەست و ئاشتی ڕووسیای و ئۆکرانیای کردووە.
پوتین ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی کانوونی یەکەمی 2024، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوای نزیکەی سێ ساڵ لە هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، ڕۆبێرت فیکۆ، سەرۆک وەزیرانی سلۆڤاکیا ئامادەیی وڵاتەکەی دەربڕیوە بۆ میوانداری دانوستانەکانی ئاشتی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.
گوتیشی: ئێمە دژی فیکۆ نین، چونکە یەکێکە لەو سەرکردە دەگمەنانەی ئەورووپا کە هێشتا نزیکە لە کرێملن و دواجار لە 22ی ئەم مانگە سەردانی مۆسکۆی کردووە و پەرۆشی خۆی دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە، خۆشحاڵ دەبێت بۆ ئەوەی وڵاتەکەی ببێتە خانەخوێی دانوستانی ئاشتی.
سەرۆکی ڕووسیا گوتی: "ئێمەش دژایەتی ناکەین و ستایشی هەڵوێستی بێلایەنی سلۆڤاکیا دەکەین، چونکە سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ پێچەوانەی سیاسەتی ڕۆژئاوایە بۆ گۆشەگیرکردنی ڕووسیا".
ڕۆبێرت فیکۆ لە پاییزی 2023ـەوە گەڕاوەتەوە سەر دەسەڵات کە یەکێکە لە ئەندامی یەکێتیی ئەورووپا و ناتۆ، بڕیاریدا یارمەتییە سەربازییەکان بۆ کیێڤ ڕابگرێت و داوای دانوستاندنەکانی ئاشتی کرد.