تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنەکەی کرد

وەزیری بەرگری تورکیا سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنە نوێیەکەی تورکیا دژ بە پەکەکە دەکات

K24- هەولێر:

ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ژێر ناوی “ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ” وەزارەتی بەرگری تورکیا هێرشی بۆ سەر بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەستپێکرد.

بەگوێرە تویتێکی وەزارەتی بەرگری تورکیا، هێزی کۆماندۆی تورکیا هاتوونەتە ناوچەی حەفتەنین لە هەرێمی کوردستان و ئامانجیانە “پەکەکە لەناو ببەن”.

ئەوەشی ئاشکراکردووە، ئۆپەراسیۆنەکە لە رێگای هێلیکۆپتەری ئاتاک و زریپۆشی سەربازیی دەستیپێکردووە و خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا، خۆی سەرپەرشتی ئۆپەراسیۆنەکە دەکات.

دووشەممەی رابردووش، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا چەند هێرشێکیان کردە سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان و بە گووتەی میدیاکانی تورکیا چەندین بارەگای و چەکداری پەکەکەیان کردووەتەوە ئامانج.

پێشتریش، سایتی هەواڵی ئاڕ تی رووسی بڵاویکردبووەوە، هاکان فیدان، سەرۆکی هەواڵگیریی تورکیا، بە نهێنی سەردانی عێراقی کردووە و لەگەڵ کاربەدەستانی عێراق کۆبووەتەوە.