بەشە ناوخۆیی 18ـی شوبات لە هەولێر بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخاندەکرێت
K24 – هەولێر
گەورەترین بەشە ناوخۆیی کچان لە هەولێر، کە بەشە نەوخۆیی 18ـی شوباتە بۆ تووشبووانی کۆرۆنا تەرخان دەکرێت.
وەزارەتی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی هەولێر وەکو ئامادەکارییەک بۆ زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا، داوایان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا کردووە بەشە ناوخۆییەکانیان پێبدەن بۆ ئەوەی بەکاریبهێنن بۆ ئەوانەی نیشانەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنایان هەیە و بە سووکی تووشبی بوون.
سامان عوسمان، بەڕێوەبەری کارگێڕیی بەشە ناوخۆیی 18ـی شوبات رایگەیاند "لەبەر ئەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا زۆرن، ئێمە لە دوێنێوە خەریکین ئێرە ئامادەدەکەین، بۆ ئەوەی خوانەخواستە ئەگەر شوێنمان نەما لە نەخۆشخانەی رزگاری و ئیماراتی کە تایبەتن بە کۆرۆنا، نەخۆشەکان لێرە وەربگرین".
ئەوانەی تەنیا هەڵگری ڤایرۆسەکەن و حاڵەتەکانیان سووکە، لە بەشە ناوخۆییەکە وەردەگیرێن، سامان عوسمان دەڵێ "باڵەخانەکان هەریەکەیان سێ نهۆمن، نهۆمی یەکەم دەکەینە شوێنی ئافرەتان، نهۆمی دووەم دەکەینە خێزانی و نهۆمی سێیەمیش تایبەت دەبێت بە پیاوان".
بەشێکی خوێندکاران کە چوونەتەوە کەلوپەلەکانیان جێهێشتووە. بەرپرسی بەشە ناوخۆییەکە، د. جوان دەڵێ "ئێمە وەکو بەڕێوەبەرایەتیی 18ـی شوبات هەموو کەلوپەلەکانی خوێندکارەکانمان کۆکردەوە و لە کۆگادا هەڵمانگرتوون و پارێزراون ".
تاوەکو ئەمڕۆ (کاتژمێر 10:35ـی چوارشەممە، 17-6-2020) ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەولێر گەیشتووەتە 718 کەس، لە ئەگەری زیادبوونی لەناکاوی ئەو ژمارەیەش، دەتوانرێت لە سبەیەوە نزیکەی 300 کەس لە بەشە ناوخۆیی 18ـی شوبات نیشتەجێ بکرێن.
هـ.ر.