تەندروستی سلێمانی: خەڵک وەک پێویست پلازمای خوێنمان پێ نابەخشن
دڵنیایی دەدات کە پرۆسەکە زیانی نییە
K24- سلێمانی:
د. یاد نەقشبەندی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، داوا لەو کەسانە دەکەین کە ڤایرۆسی کۆرۆنایان تێپەڕاندووە، پلازمای خوێنیان ببەخشن کە سوودی زۆری بۆ تووشبووان هەیە، تاوەکو ئێستا وەکو پێویست خەڵک بەدەم داواکەمان نایەت.
د. یاد دەڵێت، هەر کەسێک پلازما ببەخشێت، هەموو پشکنینێکی بۆ دەکرێت و دڵنیایی دەدەین کە زیانی بۆ بەخشەرەکە نابێت. ئەو کەسانەش هیچ جیاوازییەکیان نییە لە کارمەندانی تەندروستی بۆ هاوکاریکردنی نەخۆشەکان.
راشیگەیاند، بیست نەخۆشمان هەیە دۆخی تەندروستیان خراپە و 75 دیکەش تەندروستیان ناجێگیرە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەهۆی زۆری ژمارەی حاڵەتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سلێمانی، نەخۆشخانەکان توانای وەرگرتنی هەموو نەخۆشێکیان نەماوە و ناتوانن وەکو پێویستیش پشکنینی کۆرۆنا بۆ هەموو گومانلێکراوان ئەنجام بدەن.