بۆمبێكی مێژوویی لە جیهانی تۆپی پێ بەڕێوەیە
"ئەم بۆمبە لە شاری وهانی چینی بۆ ماوەی 10 وەرز واژۆ كراوە"

"بۆمبێکی مێژوویی لە جیهانی تۆپی پێدا"، ئەمە ئەو سەردێرەیە کە رۆژنامەیەكی كەتەلۆنیا كردوویەتییە مانشێتی رۆژنامەكەیە، ئەو سەرچاوەیە بڵاویکردووەتەوە ڤینیسیۆس گرێبەستێکی پێشوەختەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان لە شاری وهانی چین بۆ ماوەی 10 وەرز واژۆکردووە.
هەواڵێکی رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی، جیهانی وەرزشی شۆک کردووە، ئەویش رێککەوتنی ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری بەڕازیلی یانەی ریاڵ مەدریدە، لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسا.
رۆژنامە کەتەلۆنیەکە زانیاری دەستکەوتووە، ناسر خلێفی سەرۆکی قەتەری یانەی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسا، وەکو تۆڵە کردنەوە بەرامبەر فلۆرێنتینۆ پێرێز سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، ئۆفەرێکی خەیاڵی پێشکەشی ڤینیسیۆس جونیۆر کردووە و گرێبەستێکی پێشوەختەی بۆ ماوەی 10 وەرز لەگەڵ یاریزانە بەڕازیلیەکە واژۆ کردووە.
بە گوێرەی زانیارییە تایبەتەکانی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ، هێرشبەرە بەرازیلیەکە پشووی جەژنی کریسمسی قۆستووەتەوە و بە فڕۆکەیەکی تایبەت کە لەلایەن لویس فیگۆی یاریزانی پێشووی ڕیاڵ بۆی دابینکراوە، بەرەو چین گەشتی کردووە و لەوێ گرێبەستەکەی واژۆ کردووە.
ئەو سەرچاوەیە بڵاویشی کردووەتەوە، ڤینیسیۆس جونیۆر پێش ئەوەی لە شاری دەوحەی قەتەر بەشداری رێوڕەسمی گلۆب سۆکەر بکات، لەگەڵ ڤیکتۆر مێلرۆ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پاریس سانجێرمان و تیمێکی پارێزەر کۆبووەتەوە و کۆتاییان بە پرۆژەکە هێناوە.
مۆندۆدێپۆرتیڤۆ بڵاویشی کردووەتەوە، ئەم پرۆژەیە راستەوخۆ لەلایەن ناسر خلێفی سەرۆکی یانەی پاریس سانجێرمان چاودێری دەکرێت، ئەو سەرمایەدارە قەتەرییە دەیەوێت وەکو تۆڵەکردنەوە بەرامبەر گواستنەوەی کیلیان ئێمباپێ، قەرەبووی دۆڕانەکەی بەرامبەر فلۆرێنتینۆ پێرێز بکاتەوە.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆڵی نێیمار داسیلڤا لەم پرۆژەیە روون و ئاشکرایە، یاریزانەکەی یانەی هیلالی سعوودی کە نمونەی باڵای ڤینیسیۆس جونیۆرە، دەستێکی باڵای هەبووە لە رازی کردنی هاونیشتیمانیەکەی، بۆ پەیوەندی کردن بە ریزەکانی یانەی پاریس سانجێرمان.
دوای بڵاوبونەوەی ئەم هەواڵەی رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆی کەتەلۆنی، رۆژنامەی وەرزشی مارکای مەدرید و نزیک لە یانە شاهانەکە، وەکو بە درۆخستنەوەی ئەو هەواڵە، رووپەری رۆژنامەکەی تایبەت کردووە بە هەواڵی نوێکردنەوەی گرێبەستی ڤینیسیۆس لەگەڵ یانەکەی و نوسیویەتی، ڤینی کاری لە پێشینەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیەتی.