رێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆچوونی خۆی لەبارەی دەرمانەکەی بەریتانیا بۆ کۆرۆنا ئاشکرا کرد

بەریتانیا سەرکەوتووبووە؟

K24- هەولێر:

رێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشوازی لە بەکارهێنانی دەرمانی Dexamethasone بۆ کەمکردنەوەی رێژەی مردن بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەریتانیا دەکات.

تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لەبارەی دەرمانەکە رایگەیاند، یەکەم چارەسەرە کە مردن بەهۆی کۆرۆنا کەم دەکاتەوە، ئەمەش هەواڵێکی زۆر باشە و پیرۆزبایی لە حکومەتی بەریتانیا و زانکۆی ئۆکسفۆرد دەکەم.

دوێنێ سێشەممە، میدیاکانی بەریتانیا هەواڵی سەرکەوتنی دەرمانێک کە لە لایەن زانکۆی ئۆکسفۆرد تاقیکردنەوەی لەسەر کراوە بڵاوکردەوە.

دەرمانەکە لە ساڵی 1960 بۆ کەمکردنەوەی هەوکردن و چەند جۆرێکی شێرپەنجە بەکار هاتووە و ماددەی ستیرۆیدی تێدایە.

تاقیکردنەوەکەی ئۆکسفۆرد

زانکۆی ئۆکسفۆرد تاقیکردنەوەی لەسەر شەش هەزار کەس کردووە، دوو هەزاریان دەرمانەکەیان پێدراوە و چوار هەزاریان دەرمانەکەیان پێنەدراوە.

دەرکەوتووە، ئەوانەی دۆخیان زۆر خراپە، ئەگەر دەرمانەکەیان پێبدرێت، ئەگەری زیندوومانەوەیان لە ژیان بە رێژەی 28% بۆ 40% زیاد دەکات.

بەڕێوەبەری توێژینەوەکەش دەڵێت، ئەمە یەکەم دەرمانە مردن بەهۆی کۆرۆنا بەوجۆرە کەم بکاتەوە.

دەشڵێت، دەرمانەکە 10 رۆژ دەدرێت بە نەخۆش و بە بەهای 35 پاوەند لەو دەرمانە، دەکرێت ژیانی تووشبوویەکی کۆرۆنا رزگار بکەین.

هۆشداریی دەدات، خەڵک نابێت خۆیان لە دەرمانخانەکان بیکڕن و بەکاریبهێنن، بەڵکو دەبێت پزیشک خۆی دەرمانەکە لە ژێر چاودێریی بۆ تووشبووەکان بەکاربهێنێت.