چیرۆکی تراژیدی کەسوکاری تووشبووانی کۆرۆنا لە چاوەڕوانی پلازمادا

"تکایە پلازما ببەخشن"

K24- سلێمانی:

د. چرۆ ئەحمەد یەکێکە لە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا کە توانیویەتی بەسەر ڤایرۆسەکەدا زاڵبێت و چاکببێتەوە، چیرۆکێکی تراژیدی لەسەر بنەماڵەی ئەو تووشبووانەی بەدوای پلازمای خوێنی چاکبووەوەکان وێڵن دەگێڕێتەوە.

د. چرۆ لەگەڵ باسکردنی چەند دایک و باوکێکی بەتەمەن، کە دڵیان بۆ منداڵەکەیان دەسوتێت و چاوەڕوانی ئەوەن، چارەسەرکراوێک بەهانایانەوە بچێت، تکا لەو کەسانە دەکات لە نەخۆشییەکە چاکبوونەتەوە بچنە بانکی خوێن و ژیانی ئەو کەسانە رزگار بکەن کە دۆخیان خراپە.

 "بەخوا خێری حەجێکت دەگات، توخوا ڕۆڵە منداڵی وردی هەیە و گەنجە، با جەرگم نەسوتێت"

دەقی ئەو پۆستەی د. چرۆ لە فەیسبووکی خۆی بڵاویکردووەتەوە

قوله تعالى (وَمَنْ أَحْيَاهَا فَكَأَنَّمَا أَحْيَا النَّاسَ جَمِيعاً)

چیم بینی لە بانکی خوێن !

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر 9 چووم بۆ بانکی خوێن بۆ بەخشینی پلازما بە تووشبوویەکی کۆرۆنا کە حاڵی ناجێگیر بوو

لە باخچەکەی بەردەم پرسگە چەند پیاوێکی بەتەمەن و دایە حاجییەکی زۆر کز و لاواز دانیشتبوون، چەند پیاوێکی گەنجیش بەردەوام تەلەفونیان دەکرد و شلەژانێکی زۆر بە ڕووخسارییانەوە دیاربوو

دایە حاجییەکە وەک ئەوەی خودا لە دڵی نابێت من بۆ چوومەتە ئەوێ.

هاتە بەردەمم، وتی ڕۆڵە تۆ کرۆنات بووە؟ منیش زانیم چی دەوێت، دڵم ژانی دەکرد بۆی، وتم بەڵێ دایە گیان، وتی دە توخوا خوێن بدە بە کوڕەکەم، بەخوا خێری حەجێکت دەگات، توخوا ڕۆڵە منداڵی وردی هەیە و گەنجە، با جەرگم نەسوتێت، منیش لەبەرئەوەی بەڵێنم بە نە خۆشێکی تر دابوو، وتم دایە گیان گەردنم ئازاد بکە وەعدم بە ماڵیکی تر داوە ئەگەرنا بەسەر هەردوو چاوم، دایە گیان هەر کەسێکیش خوێن بدات لەوانەیە چاک بێتەوە ئەگینا لە سەداسەد نیە، وتی قەینا بەشکم خوا ئەوە بکاتە شیفا، انشااڵڵە ئەو نەخۆشەی ئێوەش چاک ئەبێتەوە ئیتر ڕۆشت لە لای کارمەندی پرسگەکە چەند پیاوێک دانیشتبوون، وەک ئەوەی چاوەڕێی هەواڵێک بن.

کارمەندی پرسگەکە وتی فەرموو ، وتم چاک بوەوەی کۆرۆنام ، هاتووم پلازما ببەخشم.

یەکێک لەو پیاوانەی لە پرسگە دانیشتبوو بە دەستی ئاماژەی بۆ دەرەوە کرد، پیاوێکی بەتەمەن هاتە ژوورەوە بەرەو ڕووم هات، منیش بۆ ئەوەی دووبارە بە وەڵامەکەم دڵی دایک و باوکێک نەشکێنم، ڕاستەوخۆ وتم ئەیبەخشم بە نەخۆشێک کە پێشتر وەعدم پێداون، پیاوە بەتەمەنەکە لە شوێنی خۆی وەستا و کەمێک سەیری چواردەوری کرد و بە دڵ شکاوییەوە گەڕایەوە ، یەکێک لەو کەسانەی لەوێ بوو، وتی ئەم پیاوە ٥ ڕۆژە لە ٨ ی بەیانییەوە بۆ ۱۲ ی نیوەڕۆ لێرەیە بە دوای یەکێدا دەگەڕێت پلازما بدات بە مناڵەکەی.

لەو کاتەدا ئاواتم ئەخواست بمتوانیایە بیبەخشم بە هەموویان، ئاواتم ئەخواست کەسانێکی نزیکم کاتی خۆی تووش ببونایە و چاک بونایەتەوە، تا ئێستا بیانتوانیایە یارمەتی ئەو نەخۆشانە بدەن، کەس حەز ناکات کەسی نزیکی نەخۆش بێت، بەس ئەو دایک و باوکانە بە جۆرێک پەرۆش بوون بۆ یارمەتی کە حەز بکەیت كه سانى خوت توشبونایەوە و چاک بونایەتەوە تا يارمه تى ئه مان بده ن.

دوای پشکنینەکان، ئەو خێزانە بەڕێزە هاتن کە بەڵێنم پێدابوون ، دوو باوکی زۆر بەڕێز ، باوکی تووشبوەکە و باوکی خێزانی توشبووەکە، ئەو ئومێد و دڵخۆشیەی لە ڕوخساریان بوو ، هەموو ئەو ناڕەحەتی و ئازار و شڵەژانە دەروونیەی بەهۆی کۆرۆناوە چەشتبووم ، بیرم چویەوە

بۆیە هەموو ئەو کەسانەی سوپاس بۆ خوا چاک بوونەتەوە لە کۆرۆنا ، تکایە تکایە تکایە، بچن بە هانای ئەو تووشبوانەوە کە پێویستیان پێتانە، تکایە با ئەو برا و خوشکانەمان لەو دۆخەدا جێنەهێڵن، ئیستا چەندین دایک و باوکی وەک ئەو مامەیە و دایە حاجییە هەن کە بە درێژایی ڕۆژ چاوەڕێی ئێوەن لەوێ، ئێوە ئومێدی ئەوانن ،چەندین خوشک و برا هەیە ئامادەیە هەرچی هەیە بیبەخشێت تا خوشکەکەی یان براکەی ئومێدێکی لە ژیان بۆ بگەڕێتەوە، چەندین منداڵ هەیە چاوەڕێی دایک و باوکیەتی بگەڕێتەوە ماڵەوە ،هەرگیز کات و هەلی لەم جۆرە دروست نابێتەوە کە بتوانی بێ هیچ ماندووبونێک و زیانێک ژیانی کەسێک ڕزگار بکەیت ، ئەگەر بە هەموومان بشتوانین یەک کەس ڕزگار بکەین هەر زۆرە ، هیمەت بدەنە بەر خۆتان ، مرۆڤبوونی خۆت بسەلمێنە، فرمێسکی چاوی دایک و باوک و منداڵەکان بسڕن، لەبەر خودای گەورە خێرێکی گەورە بکەن ، خودای گەورە چاکەی چاکەکاران وون ناکات.