پەتاتەی کوردستان گەیشتە ئەفریقا و سەرۆک حکوومەتی لیبیریا تام و جۆرەکەی بە دڵە
سەرەتای ساڵی داهاتوو پیازی کوردستان لە ئەفریقا بە بازاڕ دەکرێت

یەکەم باری هەناردەکراوی بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان کە گەیشتە وڵاتی لیبیریا لە ڕۆژئاوای کیشوەری ئەفریقا و بڕیاریشە لە سەرەتای ساڵی داهاتوو لە وڵاتانی ئەفریقا بەرهەمی پیازی هەرێمی کوردستان بە بازاڕ بکرێت.
حاجی حسێن عوسمان بازرگانی کورد و خاوەنی کۆمپانیای ڕیف کەرکووک بۆ بەرهەمە کشتووکاڵییەکان تایبەت بۆ ماڵپەڕی کوردستان24ی گوتی: 24ی ئەم مانگە یەکەم باری پەتاتەی هەرێمی کوردستانمان گەیاندە وڵاتی لیبیریا و ڕێککەوتنەمان کردووە لەمەو بەدوا مانگانە 100 تۆن پەتاتە هەناردەی ئەو وڵاتە بکەین.
گوتیشی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکارەکانی تەندروستی و هەناردە کردنی هاوکارییەکی تەواویان کردوون و سەرەتا باری پەتاتەکەیان بردووەتە مێرسینی تورکیا و لە بەندەی مێرسینەوە لە کەشتیان بارکردووە و دوای 34 ڕۆژ باری پەتاتەکە گەیشتووەتە لیبیریا.
لە بارەی دۆزینەوەی بازاڕی زیاتر و فراوانتر بۆ ساخکردنەوەی بەروبوومە کشتووکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان، حاجی حسێن عوسمان ئاماژەیدا، کە ناوەڕاستی مانگی داهاتوو (15ی کانوونی دووەمی 2025) سەردانی چەند وڵاتێکی دیکەی ئەفریقا دەکەن بۆ ئەوەی بەرهەمی پیازی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتانە بەبازاڕ بکەن.
هەروەها ڕایگەیاند، هەرچەندە لە کاتی گەیاندنی بەرهەمی پەتاتەی کوردستان بە لیبیریا بەهۆی ڕێکارە یاساییەکان هەفتەیەکیان پێچووە، بەڵام بەهۆی باشی کوالێتی بەرهەمەکە لە تام و جۆرەوە، حکوومەتی وڵاتەکە پێشنیازی هەموو ئاسانکارییەکی لە دابینکردنی زەوی و هۆکارەکانی دیکە کردووە بۆ ئەوەی ئەزموونی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی پەتاتە لە لیبیریا دووبارە بکرێتەوە؛ گوتیشی: 100 تۆڕی پەتاتەمان بۆ سەرۆکی حکوومەتی لیبیریا ناردووە و جۆر و تامی پەتاتەکانی کوردستان زۆر بە دڵ بووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24 تاوەکوو ئێستا، حکوومەتی لیبیریا لە هاوردەکردنی پەتاتە لە ئاستیدا جیهاندا پشتی بە بەرهەمی لوبنان دەبەستا، بەڵام پێشبینی دەکرێت، پەتاتەی هەرێمی کوردستان جێگەی پەتاتەی لوبنان بگرێتەوە و خواستی بازاڕەکان و خەڵکی ئەو وڵاتە پڕ بکاتەوە.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی لە سەرەتای دەست بەکاربوونییەوە ڕایگەیاند، کابینەکەی هەوڵی فرەچەشن کردنی سەرچاوەکانی دارایی دەکات، بە تایبەت لە پەرەپێدانی کەرتی کشتووکاڵی و دۆزینەوەی بازاڕ دەرەکی بۆ ساخکردنەوە و بازاڕکردنی بەروبوومە کشتووکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان، لەم چوارچێوەیەشدا چەندین بەرهەمی دیکەی کشتووکاڵی هەناردەی دەرەوە کراوە، لەوانە هەنار، هەنگوین، پەتاتە و سێو بۆ فراوانتر کردنی ئاستی هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.