ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەربارەی رێکخستنەوەی خەرجییەکان دەکات
گفتوگۆ دەربارەی رێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو بودجەیە کرا کە ئێستا لە بەردەستی حکومەتدایە بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆری ئاسایی شایستە
K24- ههولێر:
ئەمڕۆ چوارشەممە 2020/6/17 ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداری قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی رێکخستنەوەی خەرجییەکان و خۆگونجاندن لەگەڵ ئەو توانا و بودجەیە کرا کە ئێستا لە بەردەستی وەزارەتی دارایی وئابووریدایە، بە مەرجی پاراستنی مافی مووچەخۆرانی ئاسایی شایستە. ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە بەردەوامبوونی کەمکردنەوەی مووچەی خاوەن پلە تایبەتەکان و ئەوانەشی بەو پلانە خانەنشین بوون کە لە کۆبوونەوەکانی پێشوو بڕیاریان لەسەردرا. لەمبارەیەوە کۆبوونەوەکانیش تا رۆژی یەکشەممەی داهاتوو بەردەوام دەبن.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا، ماوەی گەڕاندنەوەی قەرزی کارەبا و ئاو بە لێخۆشبوونی 15% درێژ بکرێتەوە تاوەکو 2020/9/1.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا دانوستانەکان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی تاوتوێ کرا و بڕیاردرا، هەفتەی داهاتوو شاندی حکومەت بۆ درێژەدان بە گفتوگۆکان سەردانی بەغدا بکات بە ئاراستەی برەودان بەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشانەی پێشتر هەردوولا پێی گەیشتبوون بۆ دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم لەبەرامبەر پابەندییەکانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق.
H.B

