تا دوایی ساڵی نوێ چاوەڕێی گۆڕانی نرخی زێڕ و دۆلار مەکەن
بە قسەی گوتەبێژانی سەندیکای زێڕنگەران و بازاڕی دراوی هەولێر، تاوەکوو دوای سەری ساڵ، نرخی دۆلار و زێڕ وەک خۆیان دەمێننەوە.
کەیفی خۆشناو، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارفرۆشانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ یەکشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە بۆرسەی دۆلارفرۆشانی هەولێر، 100دۆلار بەرانبەر 151 هەزار و 600 دیناری عێراقی، مامەڵەی پێوە دەکرێت و نرخەکە بەراورد بە دوو ڕۆژی ڕابردوو 300 دینار بەرز بووەتەوە."
کەیفی خۆشناو، گوتیشی: "تا دوای سەری ساڵ هیچ گۆڕانێک لە نرخی دۆلار ڕوو نادەت، بە تەماین بازاڕی دۆلار تا دوای سەری ساڵ دابخەین."
سەبارەت بە نرخی زێڕ وگۆڕانەکانی، یەکشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، دانا وەرتی، گوتەبیژی سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان 24ـی گوت: "تاوەکوو 03-01-2024، هیچ گۆڕانێک لە نرخی زێڕدا ڕوو نادات، بەڵام پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن لە دوای ئەم ڕێککەوتە، نرخی زێڕ بەرز بێتەوە."
دانا وەرتی، باسی لەوەش کرد: "لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەگەری دابەزینی نرخی زێڕ هەیە، بەڵام لەمەش دڵنیا نین."
نرخی زێڕ بۆ ڕۆژی یەکشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، لە سەندیکای زێڕنگەرانی هەولێر، بەم شێوەیە :
مسقاڵێک زێڕ عەیار 24=645,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 22=590,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 21=565,000
مسقاڵێک زێڕ عەیار 18=485,000