خەڵاتی The Best بووەتە خێر و بەرەکەت بۆ ڤینیسیۆس
خەڵاتی زە بێست وەکو باشترین یاریزانی جیهان لەلایەن فیفا، بووەتە خێر و بەرەکەت بۆ ڤینیسیۆس جۆنیۆر هێرشبەری بەڕازیلی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا و ئەو یاریزانە لە دوو ساڵی داهاتوو، مووچەکەی لە هەموو یاریزانەکانی یانەکەی زیاتر دەبێت.
هەر یاریزانێک کاتێک پەیوەندی بە یانەیەک دەکات، کۆمەڵێک پاداشتی لە گرێبەستەکەی جێگیر دەکرێت ئەویش لە ئەگەری بەدەستهێنانی ناسناوەکان و هەروەها خەڵاتە تاکە کەسیەکان، دیارترینیشیان خەڵاتی باڵۆن دۆر و زە بێست و هەروەها چامپیۆنزلیگن.
یەکێک لە پاداشتە داراییەکانی گرێبەستی ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری ریاڵ مەدرید خەڵاتی زە بێستی فیفا بوو، ئەو یاریزانە دوای ئەوەی توانی ئەو خەڵاتە بباتەوە، مووچەکەی بۆ نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ لە ساڵێکدا زیاد دەبێت، واتە زیاتر لە هەموو یاریزانێک مووچە وەردەگرێت.
یاریزانە بەڕازیلیەکە پێش ئەوەی خەڵاتی زە بێست بباتەوە، مووچەکەی لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ هاوتا بوو، واتە هەر یەکەیان نزیکەی 15 ملیۆن یۆرۆ مووچەکەیان بوو، بەڵام ئەو یاریزانە ئێستا مووچەکەی بۆ نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ بەرزدەبێتەوە و دەبێتە خاوەنی زۆرترین مووچە.
ڤینی نزیکە لەوەی ببێتە خاوەنی زۆرترین مووچە لە مێژووی یانەی ریاڵ مەدرید، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە دوایین ساڵی گرێبەستەکەی نزیکەی 21 ملیۆن یۆرۆ مووچەکەی بوو و ئەو یاریزانە خاوەنی زۆرترین مووچە بوو لە مێژووی ئەو یانەیە.
ڤینیسیۆس جونیۆر دوایینجار لە ساڵی 2022 گرێبەستەکەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ تاوەکو ساڵی 2027 بە مووچەی ساڵانە 15 ملیۆن یۆرۆ نوێ کردەوە، بەڵام دوای بەدەستهێنانی خەڵاتی زە بێست، ئەو یاریزانە بەڕازیلیە لەم دوو ساڵەی لە گرێبەستەکەی ماوە، مووچەکەی بۆ 20 ملیۆن یۆرۆ زیاد دەکرێت.