بارسێلۆنا بۆچی ناتوانێت ناوی دانی ئۆڵمۆ تۆمار بکات؟

دانی ئۆڵمۆ یاریزانی یانەی بارسێلۆنا
دانی ئۆڵمۆ یاریزانی یانەی بارسێلۆنا

 

بارسێلۆنا بۆ تۆمار کردنی گرێبەستی دانی ئۆڵمۆ هێرشبەری یانەکەی، پێویستە 157 ملیۆن یۆرۆ لە مووچەی یاریزانەکانی کەم بکاتەوە. ئەمەش گەورەترین بەربەستە لەبەردەم یانەکە و رەنگە ئەم داوایەی لالیگا بە ئاسانی جێبەجێ نەکرێت.

یانەی بارسێلۆنا هەمیشە یەکێک لە کێشە گەورەکانی، تۆمار کردنی ناوی یاریزانە نوێیەکانی بووە لە ئەنجومەنی لالیگا، ئەویش بەهۆی یاسای دارایی خاوێن، بۆ ئەمجارەشیان یانەکە لە تۆمار کردنی ناوی دانی ئۆڵمۆ تووشی کێشە بووە و ئەنجومەنی لالیگا رەتیدەکاتەوە ناوی ئەو یاریزانە تۆمار بکرێت.

ئەنجومەنی لالیگای ئیسپانیا چەند ساڵێکە بەهۆی کێشە داراییەکانی یانەکان، سنورێکی بۆ مووچەی یاریزانان داناوە و هیچ یانەیە بۆی نیە، مووچەی تێکڕای یاریزانەکانی زیاتر بێت لە 426 ملیۆن  یۆرۆ، واتە مووچەی هەموو یاریزانەکان دەبێتە ئەو بڕە دیاریکراوە بێت.

لە یانەی بارسێلۆنا تێکڕای مووچەی سەرجەم یاریزانەکانی نزیکەی 538 ملیۆن یۆرۆیە، واتە 157 ملیۆن یۆرۆ زیاتر لەو بڕە پارەیەی کە ئەنجومەنی لالیگا دیاریکردووە، بۆیە بۆ ئەوەی بەرپرسانی بلاوگرانا بتوانن ناوی دانی ئۆڵمۆ تۆمار بکەن، پێویستە ئەو جیاوازیە نەهێڵێن.

دیاریکردنی رێژەی مووچەی یاریزانانی لالیگا، ئامانجەکەی ئەوەیە رێگری لە قەرزی زۆری یانەکان بگیرێت، ئەنجومەنی لالیگا لەو رێگەیەوە دەیەوێت رێگری لە یانەکان بکات، بۆ ئەوەی ناچار نەبن قەرزی زیادە بکەن و لە داهاتوو تووشی کێشەی یاسایی ببەنەوە لەگەڵ یاریزانەکان.

هەر یانەیەک کار بەم یاسایە نەکات، یاخود مووچەی یاریزانەکانی زیاتر لەوەی لالیگا دیاریکردووە بێت، ئەو کاتە پێویستە چەند هەنگاوێک بگرێتە بەر، بۆ نموونە کەمکردنەوەی خەرجیەکان لە هەموو بوارەکان، یاخود فرۆشتنی یاریزان یان کەمکردنەوەی مووچەی سەرجەم یاریزانەکان.

بارسێلۆنا هاوینی رابردوو بە بیانۆی پێکانی بەشێکی زۆر لە یاریزانەکانی، گرێبەستی لەگەڵ دانی ئۆڵمۆ واژۆ کرد و گرێبەستەکەش لەلایەن لالیگا بە شێوەیەکی کاتی تۆمار کرا، ئەو کات ئەنجومەنی لالیگا یانە کەتەلۆنیەکەی ئاگادار کردەوە، لەگەڵ گەڕانەوەی یاریزانە پێکانەکانی، پێویستە کێشەی مووچەکانیان چارەسەر بکرێت، بە پێچەوانەوە ناتوانن گرێبەستی دانی ئۆڵمۆ تۆمار بکەن.