وەزیری تەندروستی لە رەوشی تووشبووانی کۆرۆنا دەکۆڵێتەوە

سەردانی نەخۆشەکانی کرد

K24- هەولێر:

د. سامان حسێن بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی نەخۆشانی کۆرۆنا، سەردانی نەخۆشخانەی کۆرۆنای له‌ هەولێر كرد.

به‌گوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، د. سامان نەخۆشانی بەسەرکردووەتەوە و لە رەوشی خزمەتگوزاری و چارەسەرییانی كۆڵیوه‌ته‌وه‌. هاوکات سوپاس و دەستخۆشی لە پزیشکان و کارمەندان و فەرمانبەرانی نەخۆشخانەکە كردووه‌.

تا دێت ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردووش، 166 كه‌س تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون و 16 كه‌سیش به‌هۆی په‌تاكه‌ گیانیان له‌ده‌ستداوە.

پزیشکانیش لە سلێمانی، داوا لە چارەسەرکراوان دەکەن، پلازمای خوێن ببەخشن تاوەکو هاوکاری چارەسەرکردنی ئەو تووشبووانە بکەن کە دۆخی خراپە.