سەماکەرێکی میسری لە سعوودیە هەرا دەنێتەوە
خانمە سەماکەرێکی میسری بە ناوی دینا لە ماوەی چەند کاتژمێری ڕابردوودا دوای بڵاوکردنەوەی بانگەوازێکی خولی فێربوونی سەما لە سعوودیە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئەو وڵاتە هەرا دەنێتەوە.
ئەو سەماکەرە میسرییە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، بۆ یەکەمجارە لە سعوودیە سێ خولی فێربوونی سەمای ڕۆژهەڵاتی دەکاتەوە و کۆتایی هەر خولێکیش بڕوانامەی بڕوا پێکراو بە ڕاهێنراوەکان دەدات.
دینا لە گرتە ڤیدیۆکەیدا بۆ بازاڕ خۆشکردنی پیشەکەی دەڵێت:"بۆ یەکەم جارە لە ڕیاز لە 31ی کانوونی دووەم و 1ـی شوبات لە خولێکی ڕاهێنانی پیشەگەرانە دەتان بینم و بەخۆشی بێت"؛ هەروا ئاماژەیداوە، لەو خولەی دەیکاتەوە هەردوو شێوازی تیۆری و پراکتیکی لە خۆ دەگرێت.
ئەم بانگەوازەی سەماکەرە میسرییەکە، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی سعوودیە تەنیوە و لەلایەن بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و خەڵکی ڕووبەڕووی هێرشێکی فراوانی بووەتە، لەسەر ئەوەی چۆن دەکرێت لە شانیشنی سعوودیە خولی فێربوونی سەمای ڕۆژهەڵاتی بکرێتەوە.