دیلان غەفوور تووشی نەخۆشییەكی مەترسیدار دەبێت

ئەم وەرزە بۆ گۆڵپارێزەكەی پێشووی رانیە كۆتایی هات

دیلان غەفوور گۆڵپارێزی پێشووی یانەكانی سیروانی نوێ و رانیە
دیلان غەفوور گۆڵپارێزی پێشووی یانەكانی سیروانی نوێ و رانیە

دیلان غەفوور گۆڵپارێزی پێشووی یانەكانی هەولێر، سیروانی نوێ و رانیە تووشی نەخۆشییەكی لەناكاو دەبێت و ئەم وەرزە بۆ ئەو كۆتایی دێت و دەبێت بەزووترین كات نەشتەرگەری بۆ بكات.
دیلان غەفوور گۆڵپارێزی وەرزی رابردووی یانەی سیروانی نوێ بۆ ئەم وەرزە پەیوەندی بە یانەی رانیە كرد، بەڵام نەخۆشییەكی كتوپڕ رێگەی نەدا لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام بێت، بەوپێیەی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەكە چەندانجار هەست بەو نەخۆشییە مەترسیدارە دەكات كە لە نێو مێشكی دا گەشە دەكات.
دیلان غەفوور لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 رایگەیاند گرێیەك لە بەشی لای چەپی مێشكی دا دروست بووە و دەبێت بە زووترین كات نەشتەرگەری بۆ بكات.
دیلان ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد لە چەند رۆژی داهاتوو بۆ دڵنیایی زیاتر دەچێتە دەرەوەی وڵات و نەشتەرگەری بۆ ئەو گرێیەی مێشكی دەكات، دەشڵێت: نازانم كەی دەگەڕێمەوە یاریكردن، بەڵام دڵنیام ئەم وەرزە بۆ من كۆتایی هاتووە.
دیلان غەفوور خەڵكی شارۆچكەی بازیانە، پێشتر بۆ هەردوو تیپی خولی عێراق و كوردستانی یانەی هەولێر یاریی كردووە، لەگەڵ یانەی سیروانی نوێ بۆ خولی نایابی كوردستان سەركەوتووە، بۆ ئەم وەرزەش پەیوەندی بە یانەی رانیە كرد، بەڵام بەهۆی ئەو نەخۆشییە كتوپڕەی تووشی بووە گرێبەستەكەی لەگەڵ نوێنەرەكەی راپەڕین هەڵوەشێندرایەوە و بڕیارە لە 4 رۆژی داهاتوو لە دەرەوەی وڵات نەشتەرگەری بۆ لابردنی ئەو گرێیەی مێشكی بكات.