وەزیری دەرەوەی سووریا: دەمانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ سعوودیە بکەینەوە

وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، دەیانەوێت لاپەڕەیەکی نوێ لەگەڵ سعوودیە بکەنەوە.

ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا دوای گەیشتنی بۆ سعوودیە، لە پەیامێکدا لە تۆڕی ئێکس ڕایگەیاند "لەگەڵ وەزیری بەرگریی و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری سووریا لە سعوودییەین، هیوادارین لاپەڕەیەکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان ڕیاز و دیمەشق هەڵ بدەنەوە، بەجۆرێک لە خزمەتی بەرژوەندیی گەلیی هەردوو وڵات بێت."

شەوی ڕابردوو، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا لە یەکەمین سەردانی فەرمی بۆ دەرەوەی وڵات، گەیشتە سعوودیە و لەلایەن وەلید بن عەبدولکەریم خرێجی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە پێشوازیی لێ کرا.

دوای 8ـی کانوونی یەکەمی 2024 کە دەسەڵاتی بەشار ئەسەد، لەلایەن هێزەکانی تەحریر شام و چەند گرووپێکی چەکداری ئۆپۆزسیۆن لە دوای 24 ساڵ کۆتایی پێهات، فەرماندەی گشتیی دەستەی تەحریر شام دەسەڵاتێکی نوێی لە سووریا دامەزراند، سەرۆکی حکوومەت و وەزیرەکانی دیاریی کرد، زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و جیهان بۆ دەربڕینی دڵخۆشیان لەگەڵ گەلی سووریا و دووپات کردنەوەی پشتیوانییەکانیان بۆ حکوومەت و دەسەڵاتی نوێی سووریا، سەردانی ئەو وڵاتەیان کرد، لەیەکەم کاری دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانیدا، دوێنێ ئەو شاندە باڵایەی سووریا گەیشتنە ڕیازی پایتەختی سعوودیە.