ساڵی ڕابردوو 157 پرۆژە لە بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەکانی هەولێر جێبەجێ کراون

بەڕێوەبەرایەتیی گشتی شارەوانییەکانی هەولێر، ڕایگەیاند، ساڵی ڕابردوو 157 پرۆژەییان جێبەجێ کردووە.
پێنجشەممە، 2ـی کانوونی دووەمی 2025، مەریوان حاکم، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر، بەماڵپەری کوردستان 24ـی گوت" لەساڵی 2024دا، بەگوێرەی ئەو بوجەی بۆمان تەرخان کرابوو، توانیومانە 157 پرۆژە لەسنووری 37 شارەوانی جێبەجێ بکەین."
وەک مەریوان حاکم دەلێت: "پرۆژەکان جیاواز بوون و پێک هاتبوون لە دروستکردنی شەقام و ڕێگا، دروستکردنی ئاوەڕۆ، نۆژەنکردنەوەی شەقامەکان، کۆنکرێت و قیرتاوکردنی کۆڵانەکان."
باسی لەوەش کرد "17 نەخشەی کەرتییان دەستنیشان کردووە بۆ شوێنی ئەو 61 هەزار و 464 پارچە زەوییەی لەداهاتوویەکی نزیکدا دەست بەدابەشکردنیان دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی هەولێر لەساڵی 2024، 23 هەزار و400 مامەڵەی هاوڵاتییان ڕایی کردووە.