سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان، بۆ  درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران دەکات. 

پێنجشەممە، 02-01-2025، مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای کرد "ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو، 05-01-2025، کۆبوونەوەیەکی نائاسایی پەرلەمان بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی سەر بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بەڕێوە بچێت."

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق "ئەنجوومەنی کۆمیسیاران داوای بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی کردووە تاوەکوو تەمەنی یاسایی درێژ بکرێتەوە." 

مەشهەدانی داواشی کردووە کۆبوونەوە نائاساییەکەی پەرلەمانی عێراق، کاتژمێر 01:00ـی داوی نیوەڕۆی یەکشەممەی داهاتوو، بەڕێوە بچێت.