بازاڕی خۆراك لە ھەرێمی كوردستان سستە
بازرگانان بڕێكی زۆری خۆراكیان ھاوردەی ھەرێمی كوردستان كردووە
K24 - ھەولێر
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 750 ھەزار تۆن خۆراك ھاوردەی بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان كراوە، بەھۆی زۆری بڕی خۆراك لە بازاڕدا كۆگاكان كێشەی ساغكردنەوەیان بۆ دروست بووە، فرۆشیاران دەڵێن ھەموو جۆرە خۆراكێك بە زیادەوە لە بازاڕەكاندا ھەیە و نرخیشیان گران نەبووە، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانیش دەڵێت، بەراورد بە ساڵی رابردوو ھاوردەكردنی خۆراك زۆر زیادیكردووە.
وەك دوكاندارەكان باسی دەكەن، كەلوپەلێكی زۆری خۆراك بەردەستە، بەڵام بازاڕیان سستە، رۆژانە جۆرەكانی خۆراك دەھێندرێنە بازاڕ، كەچی خواست بۆ كڕینیان لە كەمبوونەوەیە، فرۆشیاران دەڵێن نرخی زۆربەی بەرھەمە خۆراكییەكان جێگرییە و گران نەبوونە، بەڵام ھاووڵاتیان لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا خۆراكێكی زۆریان كۆگاكردووەو ئەمەش كاریگەری لەسەر بازاڕكردووەو فرۆشتنیش زۆر كەمیكردووە.
كۆگاكانی خۆراك پڕن لە پێداوسیتییە خۆراكییە ھەمەجۆرەكان، بازرگانانی خۆراك لە ھەرێمی كوردستان بەھۆی مەترسییەكانى كۆرۆنا لەسەر ئاسایشی خۆراك، بەردەوام لە وڵاتانی دراوێسیەوە خۆراكیان ھاوردەكردووە، برنج و رۆن و شەكر، ئەو پێداوسیتیانەن خواستێكی ھەمیشەىیان ھەیە لایەن خەڵكەوە، بەڵام ئێستا خواستیان لەسەر كەمیكردووە، یەكێك لە بازرگانەكانی خۆراك دڵنیایی دەدات كە ھەرگیز قەيران لە بەرھەمە خۆراكییەكان روونادات، بەڵام ماوەیەكه بازاڕ كەمتر داوای خۆراكیان لێ دەكەن.
نەوزاد ئەدھەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دەڵێت، لەماوەی رابردوودا بە مەبەستی ھاوردەكردنی خۆراك كارئاسانی زۆریان بۆ بازرگانان كردووە. بەگوێرەی پلانەكەش لە دابینكردنی خۆراك بۆ بازاڕەكانی كورستان سەركەوتووبوونە.
لە مانگی ئادارەوە بە بەردەوام خۆراك لە دەروازە سنوورییەكانی ئێران و توركیا و بەندەری ئوم قەسر ھاوردەی بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان دەكرێت. بەگوێرەی ئاماری كۆگاكانیش بێت بەشی سێ تا چوار مانگ خۆراك بەردەستە، ھەروەھا بەپێی راپۆرتی وەزارەتی بازرگانی، لەماوەی سێ مانگی رابردوودا زیاتر لە 750 ھەزار تۆن خۆراك ھاوردەی ھەرێمی كوردستان كراوە، ئەمەش وایكردووە بازاڕ دووچاری گرانى نرخ و كەمبوونەوەی جۆری خۆراكەكان نەبێتەوە.