کۆبوونەوەی دەم پارتی و باخچەلی دەستی پێ کرد
شاندێکی دەم پارتی سەردانی سەرۆکی مەهەپەیان کرد و هەفتەی داهاتووش سەردانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکەن.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ نوعمان كورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، دوای نیوەڕۆی پێنجشەممە، 02-01-2025، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ـیان لە ئەنقەرە کرد و کۆبوونەوە.
شاندەکەی دەم پارتی لە سوورهیا ئۆندهر، جێگری سهرۆكی پهرلهمانی تورکیا؛ پهروین بوڵدان، پهرلهمانتاری دهم پارتی له پهرلهمانی توركیا و ئەحمەد تورک، سیاسەتمەداری کوردی باکووری کوردستان پێک دێت.
پێشتر سوورهیا ئۆندهر، لەبارەی ئەم دوو کۆبوونەوەیە ڕایگەیاندبوو، ئەنجامی کۆبوونەوەی ئیمرالی (دیداری شاندەکەی دەم پارتی و ئۆجەلان) و پرۆسەی نوێی ئاشتی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تورکیا تاوتوێ دەکەن.
جێگری سهرۆكی پهرلهمانی تورکیا باسی لەوەش کردبوو، دووشەممەی داهاتوو، 06-01-2024، سەردانی ئاک پارتی، جەهەپە و لایەنە سیاسییەکانی دیکەش دەکەن و هیوادارن هەوڵەکانی ئەمجارە بۆ چارەکردنی پرسی کورد، ئەنجامی باشیان هەبێت.
ڕۆژی شەممە، 28-12-2024، شاندێکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی، کۆبووەوە.
لەبارەی لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا بۆ چارەکردنی پرسی کورد، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە "من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ." ئاماژەی بەوەش کردووە "سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە."
دواتر، باخچەلی سەردانەکەی شاندی دەم پارتی بۆ دوورگەی ئیمراڵی بە "دەستپێکێکی خێردار بۆ دیموکراسی و برایەتیی تورک و کورد و پتەوکردنیی ئەو پەیوەندییە" ناو برد و گوتی: "ئێستە کاتی ئەوەیە قسەکان بکرێنە کردار، ئەنجامەکانیشی ڕابگەیەندرێن." باسی لەوەش کردووە "نابێت هیچ هەنگاوێک لە سێبەری تیرۆر بمێنێتەوە، بۆیە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر بابەتی هەرە لەپێشینەیە بۆ فەراهەمکردن کۆدەنکیی کۆمەڵگە و برایەتیی."