باشترینەكانی مانگی 12ـی خولی نایابی كوردستان خەڵات كران

باشترینەكان بەپشتبەستن بە ئامار و هەڵسەنگاندنێكی ورد و ئەكادیمی دەستنیشان دەكرێن

حەمە رۆناڵدۆ، فەرحان شكوور، شوان ئەنوەر و رەوەند عەجیل
حەمە رۆناڵدۆ، فەرحان شكوور، شوان ئەنوەر و رەوەند عەجیل

كوردستان24 خەڵاتی باشترینەكانی مانگی رابردووی خولی نایابی كوردستانی دابەش كرد، یانەی هەولێر دوو نوێنەری لەنێو خەڵاتەكان دا هەبوو، خەڵاتەكانی دیكەش بووە بەشی گەرمیان و راپەڕین.
دێسكی وەرزشی كوردستان24، بە راوێژ لەگەڵ ژمارەیەك راهێنەری ناوداری كوردستان، مانگانە خەڵاتی باشترین راهێنەر، گۆڵپارێز، یاریزان و جوانترین گۆڵ دابەش دەكات، بۆ بەخشینی هەر خەڵاتێكیش هەڵسەنگاندنێكی ورد و ئەكادیمی بۆ سەرجەم داتایەكانی دەكات و پاشان بەگوێرەی دۆخی یانەكەی و ئاست و ئەنجامەكان باشترینەكان دەستنیشان دەكات.

باشترین راهێنەر
شوان ئەنوەر راهێنەری یانەی هەولێر بەوپێیەی تاكە راهێنەر بوو لە كۆی 5 یاری 10 خاڵی كۆكردەوە و لە دوایین 4 یارییش كلین شیتی تۆمار كرد بوو، توانی بەسەر ركابەرەكەی كە غەریب محەمەدی راهێنەری یانەی سیروانی نوێ بوو سەربكەوێت، چونكە هەولێر یارییەكی كەمتر لە سیروانی نوێ كرد بوو، هاوكات لە مانگی رابردوو كاتێك هەولێر و سیروانی نوێ رووبەڕووی یەكتربوونەوە، تیپەكەی شوان ئەنوەر توانی بووی بەسەر تیپەكەی غەریب محەمەدی راهێنەری سیروانی نوێ سەربكەوێت.

باشترین گۆڵپارێز
رەوەند عەجیل گۆڵپارێزە لاوەكەی یانەی هەولێر خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی مانگی رابردووی یەكلایی كردەوە و توانی بەسەر ركابەرەكەیدا كە گەیلان سادق بوو سەربكەوێت، هەرچەندە هەردووكیان لە مانگی رابردوو 4 كلین شیتیان هەبوو، بەڵام رەوەند بەشداریی تەنیا لە 4 یاری كرد بوو، لە هەر چوار یارییەكەش كلین شیتی كرد بوو، لە بەرامبەردا گەیلان لە كۆی 6 یاری 4 كلینی شیتی هەبوو، ئەمەش وایكرد خەڵاتەكە بەسوودی گۆڵپارێزەكەی هەولێر بشكێتەوە.

 

 

باشترین یاریزان
فەرحان شكوور گۆڵكاری ئەم وەرزەی خولی نایابی كوردستان و یانەی دەربەندیخان، خەڵاتی باشترین یاریزانی مانگی رابردووی كوردستان24ـی بەدەستهێنا، بەوپێیەی لەو مانگەدا فەرحان تاكە یاریزان بوو 7 گۆڵ تۆمار بكات، هەر لەو مانگەدا بەرامبەر سەیدسادق هاتریكی كرد، فەرحان توانی بەسەر هەردوو ركابەرەكەیدا بیلال ساڵح ناوەراستكاری شێروانە و محەمەد خەلیل هێرشبەری برایەتی سەربكەوێت كە ئەم دوو یاریزانەش مانگی رابردوو رۆڵێكی كاریگەریان بینی بوو.

جوانترین گۆڵ
خەڵاتی جوانترین گۆڵی مانگانەی خولی نایابی كوردستان بە دەنگی هاندەران یەكلایی دەكرێتەوە، مانگی رابردوو بۆ یاریزانەكان مێژوویی بوو، بەوپێیەی زۆرترین گۆڵی جوان و ناوازە لەو مانگەدا تۆمار كرا، كێبڕكێ لەسەر وەرگرتنی ئەو خەڵاتە گەیشتووە لوتكە، بەڵام لە نێوان زیاتر لە هەزار كەس كە دەنگی دا، گۆڵەكەی حەمە رۆناڵدۆ هێرشبەری یانەی رانیە لە دژی پیشەسازی بە جوانترین گۆڵی مانگی 12 هەڵبژێردرا، لەو یارییەدا حەمە رۆناڵدۆ لە ناوەراستی یاریگە بەشداریی لە هێرشەكە دەكات و دواتر لە دەرەوەی بۆكس یاریی بە دوو یاریزانی تیپی بەرامبەر دەكات و بەلێدانێكی بەهێز گۆڵ تۆمار دەكات.