هەولێر رۆژێكی سەختی تێپەڕ كرد
میمی هاتریكی بەرامبەر هەولێر كرد
لە دوایین یاریی گەڕی دوازدەیەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق، یانەی هەولێر زۆر بە قورسی بەرامبەر شورتە دۆڕا، كەتیبەكەی سەمیر بابۆ نەیتوانی لەو گەڕەدا هاوشانی 3 یانەكەی دیكەی كوردستانی سەركەوتن تۆمار بكات.
ئەمڕۆ شەممە، 4 جەنیوەری 2025، یانەی هەولێر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بەغدا بووە میوانی یانەی شورتە، لەو یارییەدا شورتە تەواوی ئەستێرەكانی بۆ گەڕابووەوە و یەكەمجار بوو لەم وەرزە بەو پێكهاتەیە یاریی بكات كە بەرامبەر هەولێر تاقی كردەوە.
لە خولەكی 17 میمی زنجیرەی گۆڵەكانی شورتەی لە یارییەكە دەستپێكرد و گۆڵی یەكەمی بەرامبەر هەولێر تۆمار كرد، پێش ئەوەی ناوبژیوان فیكەی كۆتایی نیوەی یەكەم لێ بدات، میمی دیسان گەڕایەوە و گۆڵی دووەمیشی بەرامبەر قەڵاومنارە كرد، نیوەی یەكەم بەم دوو گۆڵە لە بەرژەوەندی سەوزپۆشەكانی پایتەختی بەغدا كۆتایی هات.
لە خولەكی 66ـی نیوەی دووەم یوسف بن سۆدە هێرشبەری توونسی یانەی هەولێر گۆڵێكی بە لێدانی سەر دژی شورتە تۆمار كرد، هەولێر فشارەكانی بۆ راستكردنەوەی ئەنجامەكە دەستپێكرد، بەڵام كارتە سوورەكەی عومەر جەنگی لە خولەكی 75 ئەركی هەولێرییەكانی قورست كرد و دەرفەتی بۆ شورتە رەخساند گۆڵی چوارەمیش لە خولەكی 80 لە رێگەی لوكاس سانتۆسی بەرازیلی بكەن، یارییەكەش بە 4 گۆڵ بەرامبەر تاكە گۆڵێك لە بەرژەوەندی شورتە كۆتایی هات و هەولێریش لەم وەرزە تووشی چوارەمین شكست بوو.
شورتە بە كۆكردنەوەی 25 خاڵ پلەی دووەمی ریزبەندی گرتووە، هەولێریش بە 18 خاڵ لە خانەی حەوتەم كۆتایی بەم گەڕە هێنا.