رۆژێكی مێژوویی لە خولی نایابی كوردستان تێپەڕی
زاخۆ و چوارقوڕنە یەكتریان پڕگۆڵ كرد
لە گەڕی یازدەیەمی خولی نایابی كوردستان، یانەی شێروانە شكستی بە سیروانی نوێ هێنا و شوێنی خۆی لە پێشەنگی خولەكە قایمتر كرد، زاخۆ و چوارقورنەش یەكتریان گۆڵباران كرد، لە یاریی لوتكەشدا دەربەندیخان ریمۆنتادای بەسەر ئاكرێ دا كرد.
شێروانە بە ئامانجی نازناوەكە دەجەنگێت
سیروانی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی شێروانە گەشتی كەلاری كرد و بەدەستی بەتاڵیش بەرەو سلێمانی گەڕایەوە، شێروانە یارییەكەی بە تاكەگۆڵێكی دیلمان رۆكان بردەوە كە لە خولەكی 21 بە لێدانی سەر تۆماری كرد.
شێروانە هەشتەمین سەركەوتنی لەم وەرزە تۆمار كرد و بە كۆكردنەوەی 26 خاڵ لوتكەی خولەكەی گرتووە، لە بەرامبەردا سیروانی نوێ تووشی سێیەمین شكست بوو، بە 16 خاڵ بۆ خانەی حەوتەم دابەزی.
یەكتریان گۆڵباران كرد
یانەی چوارقوڕنە بۆ رووبەڕووبوونەوەی زاخۆ رێگایەكی دووری بڕی و بۆ یازدەیەمین یاریی لەم وەرزە نەیتوانی تامی سەركەوتن بكات.
خۆرخی لویس لە خولەكی 17 گۆڵێكی ناوازی بۆ زاخۆ تۆمار كرد، بەڵام بەڵێن فایەق لە خولەكی 37 بە لێدانی پێناڵتی ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، نیوەی یەكەم بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
نیوەی دووەم مێژوویی بوو، بەوپێیەی 6 گۆڵ تۆمار كرا، خۆرخی لویس جارێكی دیكە گەڕایەوە بە لێدانێكی راستەوخۆی نایاب بۆ دووەمجار لە یارییەكە زاخۆی دەلالی پێشخستەوە، بەڵام خۆشییەكانی زاخۆ زۆری نەبرد كاتێك لە خولەكی 59 گەیلان بورهان بە لێدانی سەر ئەنجامەكەی بۆ چوارقوڕنە یەكسان كردەوە، هەمان یاریزان دوای دوو خولەكی دیكە دیسان بە لێدانی سەر لە خولەكی 61 نوێنەرەكەی راپەڕینی بۆ یەكەمجار لە یارییەكە پێشخست.
بەڵام زاخۆییەكان دوای ئەم گۆڵە خۆیان رادەست نەكرد و لە ماوەی چوار خولەك دوو یانەكەیان پێشخستەوە و دوو گۆڵیان لەسەریەك لە رێگەی عومەر بیبۆ و محەمەد عەبدوڵڵا تۆمار كرد، پێش ئەوەی یارییەكەش كۆتایی بێت بەلێن فایەق دووەمین گۆڵی خۆی لە یارییەكە تۆمار كرد و ئەنجامەكەشی بۆ چوار قورنە یەكسان كردەوە و یارییەكە بە 4 گۆڵ بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
زاخۆ بەم یەكسانبوونە ژمارەی خاڵەكانی بۆ 18 خاڵ بەرز كردەوە و لە خانەی چوارەم دێت، لە بەرامبەردا چوارقوڕنە بە تەنیا 7 خاڵ لە خانەی پێشكۆتایی جێماوە.
رانیە لە شكست رزگاری بوو
یانەی رانیە لە نێو یاریگەی خۆی باوەشی بۆ شەقڵاوە كردەوە، تاهیر عەلی ئەستێرە كاریگەرەكەی ئەم وەرزەی شەقڵاوە هەر زوو لە خولەكی 4 گورزی خۆی وەشاند و گۆڵی پێشكەوتنی بۆ یانەكەی دەڤەری خۆشناوەتی تۆمار كرد، نیوەی یەكەم بەم تاكە گۆڵە لە بەرژەوەندی شەقڵاوە كۆتایی هات.
لە كۆتاییەكانی نیوەی دووەم ئاراس عەبدولرەحمان بە هانای رانیە كەوت و ئەنجامەكەی یەكسان كردەوە، بەمەش یارییەكە بە گۆڵێك بۆ هەرلایەكیان كۆتایی هات.
رانیە بە كۆكردنەوەی 14 خاڵ خانەی نۆیەمی گرتووە، لە بەرامبەردا شەقڵاوە بە 11 خاڵ لە ریزبەندی دوازدەیەم دەبینرێت.
دەربەندیخان ریمۆنتادای بەسەر ئاكرێ دا كرد
ئەم یارییە بۆ یانەی ئاكرێ یەكەمین یاریی بوو دوای گەڕانەوەی هەژار سابیر بۆ راهێنەرایەتی یانەكە، ئەگەرچی سەڵاح حەسەن لە خولەكی 14 گۆڵی پێشكەوتنی ئاكرێی تۆمار كرد، بەڵام دەربەندییەكان بە 3 گۆڵ وەڵامی ئەو گۆڵەی كتیبەكەی هەژار سابیریان دایەوە.
سەرەتا مەهدی ساڵح لە خولەكی 32 ئەنجامەكەی بۆ دەربەندیخان یەكسان كردەوە، دواتر لە خولەكەكانی 71 و 96 فەرحان شكوور دوو گۆڵی لەسەریەكی بۆ جلشینەكانی دەربەند كرد و 3 خاڵی یارییەكەی بۆ یانەكەی مسۆگەر كرد.
دەربەندیخان بە 16 خاڵ بۆ خانەی شەشەم سەركەوت، لە بەرامبەردا ئاكرێ بە 13 خاڵ بۆ خانەی دەیەمی ریزبەندی دابەزی.