بەرپرسێکی پێشووی سووریا زانیاریی ورد لە بارەی دۆخی بەشار ئەسەد بەر لە هەڵاتنی ئاشکرا دەکات

کامل سەقەر، بەڕێوەبەری پێشووی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتیی سووریا ڕایگەیاند، دوای کەوتنی حەلەب، ڕووسیا وەڵامی داواکارییەکانی بەشار ئەسەدی نەدایەوە بۆ بەکارهێنانی بنکەی حمێمیم تاوەکوو لەوێوە هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بۆ سوپای سووریا بگوازێتەوە.

کامل سەقەر لە پۆدکاستی بە 'کاتی دیمەشق'ـی کەناڵی عەرەبییە، گوتی: "ئەسەد سێ ڕۆژ پێش 8ـی کانوونی دووەم، ئەو ڕۆژەی ئۆپۆزسیۆن دەستی بەسەر دیمەشقدا گرت، نەیتوانی پەیوەندی بە ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیاوە بکات."

سەقەر گوتیشی: ئێرانییەکان بە ئەسەدیان گوت: "هیچ دڵنیاییەکیان پێ نەگەیشتووە، بۆ ئەوەی بتوانن فڕۆکەکانیان بگوازنەوە بنکەی سەربازی حمێمیم کە لە ژێر دەستی ڕووسیایە، کاتێکیش ئەسەد پرسیاری لە مۆسکۆ کرد لەوبارەوە وەڵامی نەدراوەتەوە."

ئەو بەرپرسەی پێشووی سووریا ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێرانییەکان گوتیان، کاتێک فڕۆکەیەکیان بەرەو بنکەی سەربازی حمێمیم فڕیوە، ئەمەریکیەکان هەڕەشەی خستنە خوارەوەیان کردووە، بۆیە بەناچاریی فڕۆکەکە گەڕاوەتەوە شوێنی خۆی."

کامل سەقەر باسی لەوەش کردووە "پێش کەوتنی حەلەب، دۆخی دامەزراوە سەربازییەکانی سووریا خراپ بوو، ڕێگەیان پێ نەدراوە شەڕ بکەن، هەروەها دۆخی ئابووریی وڵاتیش زۆر خراپ بوو."

سەقەر دەشڵێت: "عێراق لە 6ـی کانوونی یەکەمدا سووریا ئاگادار کردەوە، کە تورکیا هەر جۆرە گفتوگۆیەک لەگەڵ سووریا ڕەت دەکاتەوە."

سەقەر گوتی: "ئەلێکسەندەر لاڤرێنتیڤ، نوێنەری سەرۆکی ڕووسیا لە سووریا، هەوڵی دا ئەسەد ڕازی بکات لەگەڵ ئەردۆغان دابنیشێت، بەڵام ڕەتی کردەوە، تەنیا بە کۆبوونەوەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمنیی ئەو دوو وڵاتەدا ڕازی بوو.

ئاشکراشی کرد، "ڕەتکردنەوەی داواکاری ڕووسیا بۆ دانیشتن لەگەڵ ئەردۆغان لەلایەن ئەسەدەوە، بە دڵی ڕووسیا نەبوو."