لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی سەرۆکی حکومەت لە دۆخی تەندروستیی سلێمانی پرسی

داوای پابەندبوون بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکات

K24 – هه‌ولێر:

لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی ، سەرۆکی حکومەت لە دۆخی تەندروستیی سلێمانی پرسی و داوای پابەندبوون بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان دەکات .

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/6/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنییەوە لە گەڵ هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی ، لە دۆخی تەندروستی شاری سلێمانی و ڕێکارەکانی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە پارێزگاکە پرسی  و نیگەرانیی خۆشیی لە زیادبوونی ژمارەی تووشبووان دەربڕی .

سەرۆکی حکومەت هاوخەمی خۆی لەگەڵ بنەماڵەی قوربانییانی کۆرۆنا نیشاندا و پرسە و سەرەخۆشی لێکردن .  بڕیاریشیدا بڕی 2 ملیار دیناری دیكه‌ بۆ  هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج بکرێت بۆ یارمەتیدانیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی  پەتای کۆڕۆنادا.

سەرۆکی حکومەت وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی لە دۆخەکە ، جەختیشی کردەوە کە تاکە ڕێگە بۆ تێپەڕاندنی ئەم  بارودۆخە و کۆنترۆلی ئەم پەتایە، پابەندبوونە بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و رێنماییە تەندروستییەکان لە لایەن دامودەزگاکانی حکومەت و هاووڵاتییان. ھەر لەمیانەی ئەو گفتوگۆیەدا سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە حکومەت ھەموو تواناکانی خستووەتە گەڕ بۆ دابین کردنی بژێو و پاراستنی تەندروستی ھاووڵاتییان کە نەدەبووایە ئەم بابەتە تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێت و ھیواشی خواست بە ھاوکاری و یەکڕیزیی ھەموو لایەک، بە تایبەتی پاڵپشتیی لایەنە بەشداربووەکانی حکومەت، ئەم قۆناخە سەختە تێپەڕێنین.

پارێزگاری سلێمانی سوپاسی پشتیوانیی و پشتگیرییەکانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.