وەزیری دەرەوەی سووریا لە دەوحە: پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە دەبێت
وەزیرانی دەرەوەی سووریا و قەتەر لە دەوحە، ئاوەدانکردنەوەی سووریا و هەڵگرتنی گەمارۆ ئابوورییەکانیان تاوتوێ کرد.
یەکشەممە، 05-01-2025، شاندێکی باڵای حکوومەتی کاتیی سووریا کە لە ئەسعەد شیبانی، وەزیری دەرەوە، مەرهەف ئەبو قەسرە، وەزیری بەرگری و ئەنەس خەتاب، سەرۆکی دەزگای هەواڵگیریی گشتیی پێک هاتبوو؛ گەیشتە دەوحەی پایتەختی قەتەر.
محەممەد خلێفی، وەزیری دەرەوەی قەتەر، پێشوازیی لە وەزیری دەرەوەی سووریا و شاندی یاوەری کرد. دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، قسەیان بۆ ڕۆژنامەوانان کرد و باسی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد.
خلێفی، پشتیوانیی تەواوی وڵاتەکەی بۆ سووریای دوای ڕووخانی ڕژێمی بەشار ئەسەد دووپات کردەوە و ئاماژەی بەوە دا "لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ شیبانی، ئاوەدانکردنەوەی سووریای نوێیان تاوتوێ کردووە."
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند "قەتەر ڕۆڵێکی دیار و بەرچاوی هەبوو لە پاڵپشتیکردنی گەلەکەمان و هاوبەشی قۆناغی ئاشتیش دەبێت." گوتیشی: "ئێمە نیگەرانییەکانمان گەیاندە بەرپرسانی دەوحە، بەتایبەت گەمارۆ ئابوورییەکان."