فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی عێراق: لە ئایندەیەکی نزیکدا سیستەمی بەرگریمان بەدەست دەگات
کوردستان24 توانا سەربازییەکانی سووپای عێراق دەخاتە ڕوو

فەریق موهەنەد غالب ئەلئەسەدی، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی عێراق ئاشکرای دەکات، لە ئایندەیەکی نزیکدا هێزەکانی عێراقی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیان بەدەست دەگات.
یەکشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2025، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی ئاسمانی عێراق، فەریق موهەنەد غالب ئەلئەسەدی ڕایگەیاند: لە ئایندەیەکی نزیکدا، سیستەمی بەرگریی پێشکەوتوویان پێدەگات کە پەرە بە تواناکانی سەربازیی عێراق دەدات وەک هەر سووپایەکی دیکەی پێشکەوتووی جیهان، دەشڵێت: دوای ڕووداوەکانی ساڵی 2014 و دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەکی عێراق لەلایەن داعشەوە، سووپای عێراقی توانیان لە ماوەیەکی کەمدا خۆیان ڕێک بخەنەوە و چاودێرانی سەربازیی دووچاری سەرسووڕمان و شۆک بکەن، ئاماژە بەوەش دەکات، هێزەکانی عێراقی ئامادەن هەموو ئەرکێک جێبەجێ بکەن بۆ بەرگریی کردن لە خاکەکەیان.
ئەلئەسەدی ئاماژە بەوە دەکات، دوای ساڵی 2014 توانا سەربازییەکانی عێراق لەڕووی چەک و لۆجیستیەوە زۆر بەرزبووەتەوە، فەرماندە و ئەفسەرە سەربازییەکانیان گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرزی شارەزایی و ڕۆشنبیریی سەربازیی کە پێویستن لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەکانی ڕوو لە عێراق دەکەن.
پێشتر حکوومەتی عێراقی ڕایگەیاند: هەوڵی بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی سووپا دەدات لەڕێگەی چەند گرێبەستێک بۆ دەستخستنی تۆپ و درۆن و تانک و زریپۆش بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی لە سووپادا هەیە دوای سێ ساڵەی شەڕ لەگەڵ داعش، ئاماژەی بەوەش کردووە، چەند ڕێککەوتن و گرێبەستێکی نوێ لەبواری دابینکردنی چەک لەگەڵ ڕووسیا و وڵاتانی هاوپەیمانی ناتۆ لەگەڵ عێراقدا هەیە.
وەزارەتی بەرگری عێراق هەر پێشتر نیازی خۆی بۆ ڕێککەوتنێکی نوێی چەک بۆ مۆدێرنکردنی هێزی ئاسمانی بە فڕۆکەی جەنگیی پێشکەوتوو ڕاگەیاند، گوتیشی: وەزارەتەکە هەنگاو دەنێت بۆ هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی چەک و پەرەپێدانی پیشەسازی سەربازی ناوخۆیی.
توانا سەربازییەکانی سوپای عێراق، لە ساڵی 2023دا لە پلەی 45ی جیهاندا بووە و خەرجییەکانی بە نزیکەی 507 ملیار دۆلار بووە.
سوپاکە هێزی مرۆیی بریتییە لە 200 هەزار سەربازی چالاک و 130 هەزار کەسی دیکەش نوێنەرایەتی هێزە نیمچە سەربازییەکان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی جۆرەها کەرەستەی سەربازی زەمینییە، لەوانە 923 تانک، نزیکەی 39 هەزار زرێپۆش، 281 تۆپ، هەزار و 426 تۆپی دوورهاوێژ، 424 موشەک.
سەبارەت بە هێزی ئاسمانیش، عێراق 361 فڕۆکەی جەنگی هەیە و لە پلەی 29 هەمیندایە لەسەر ئاستی جیهاندا کە بریتین لە 26 فڕۆکەی جەنگی ، 33 فڕۆکەی هێرشبەر، 16 فڕۆکەی گواستنەوەی سەربازی، 112 فڕۆکەی مەشق و ڕاهێنان، 21 فڕۆکەی ئەرکی تایبەت، 164 هێلیکۆپتەر کە 40یان تێدایە هێلیکۆپتەری هێرشکردنن.
عێراق بەرەو هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی چەک و پەرەپێدانی بنکە سەربازییەکان و هێزی ئاسمانی هەنگاو دەنێت، جگە لە بەهێزکردنی تۆڕەکانی چاودێری و کۆنترۆڵکردن.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، دەسەڵاتدارانی عێراق لە پەیوەندیدان بۆ کڕینی سیستەمی بەرگری پێشکەوتوو لە وڵاتانی جیاوازەوە، لەنێو ئەو ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوانەدا، فشارێکی سیاسی هەیە لەلایەن بەشێک لە بلۆکە شیعەکانەوە بۆ زیندووکردنەوەی فایلی کڕینی سیستەمی مووشەکی ئێس-400ـی ڕووسی بۆ ڕەتکردنەوەی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەمریکا و مانەوەی لە وڵاتەکەدا.
شایەنی باسە لە ساڵی 2024 حکومەتی عێراق 21.6 ملیار دۆلاری بۆ وەزارەتی بەرگری تەرخانکرد، بەشێکی زۆری ئەو پارانە بۆ کڕینی چەک و مۆدێرنکردنی جبەخانەی سوپا و هێزە چەکدارەکان بووە.
هەر بەپێی زانیاری ئاژانسەکانی هەواڵ، عێراق زۆر بەپەلە، داوای 8 پاتری سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەکی بالیستیکی M-SAM-II لە کۆریای باشوور کردووە، ئەم گرێبەستەش بە 2.56 ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن، هێزی ئاسمانی عێراق ڕێککه وتنێکی مێژوویی لەگەڵ پاکستان دەکات بۆ دابینکردنی 12 فڕۆکەی جەنگی لە جۆری JF-17 Thunder Block III. ئەم ڕێککەوتنە لە دوای ڕێککەوتنی مێژوویی هاوکاریی بەرگریی نێوان پاکستان و عێراق دێت. ڕێککەوتنەکە لە میانی گفتوگۆکانی نێوان مارشال زاهیر ئەحمەد بابار سەرۆکی هێزی ئاسمانی پاکستان و هاوتاکەی لە وەزارەتی بەرگری عێراق ئیمزا کراوە.
هاوکات ئاژانسەکانی هەواڵ باس لەوە دەکەن، عێراق لەم دواییانەدا لەگەڵ کۆمپانیای فڕۆکەوانی داسۆی فڕۆکەوانی، ڕێککەوتنێکی کردووە بۆ کڕینی 14 فڕۆکەی “ڕافال” بۆ ئەوەش بڕی 3.2 ملیار دۆلاری تەرخان کردووە بۆ ئەوەی بە فڕۆکە کۆنەکانی F-16IQ بیگۆڕێتەوە کە چاککردنەوەیان زەحمەت بووە.