وەزارەتی بازرگانی: ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 630 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو دەستی بەسەردا گیراوە

چاودێری بازرگانی
چاودێری بازرگانی

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی ڕایگەیاندووە، ساڵی ڕابردوو شوێنە بازرگانییەکان زیاتر لە سێ هەزار سەرپێچیان کردووە، دەشڵێت: هەر لەو ساڵە 630 تۆن خۆراکی ماوە بەسەرچوو دەستی بەسەرداگیراوە.

یەکشەممە 5ـی کانوونی دووەمی 2025، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە، ساڵی 2024، لێژنەکانی چاودێری بازرگانی 51 هەزار سەردان و پشکنینان بۆ شوێنە بازرگانییەکان کردووە، لەو ژمارە پشکنینەش، زیاتر لە سێ هەزار و 300 سەرپێچی هەبوون و تۆمارکراون.

وەزارەتی بازرگانیی ئاشکرای دەکات، بە زیاتر لە 490 ملیۆن دینار ،سزای دارایی جۆراوجۆری ئەو شوێنە بازرگانیانە دراون، بە هۆی ئەوەی پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکانی چاودێریی بازرگانییەوە، وەزارەتی بازرگانی ئاشکراشی دەکات، زیاتر لە 630 تۆن خۆراکی ماوەبەسەرچوو، ساڵی ڕابردوو دەستی بەسەردا گیراوە.