40 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە وڵاتەکەیان
ژمارەی ئەو پەنابەرە سوورییانەی لە تورکیا دەژیان و گەڕاونەتەوە وڵاتی خۆیان، زیاتر بووە. وەزیری ناوخۆی تورکیاش دەڵێت: لەگەڵ داخرانی قوتابخانەکان و پشووی فەرمی، گەڕانەوەی پەنابەران زیاتر دەبن.
2.9 ملیۆن پەنابەریی سووریا لە تورکیا هەن و لە دوای ئاسانکردنی ڕێکارەکانی گەڕانەوە، ئێستە خێراتر دەگەڕێنەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا گوتی: "حەسرەتی دەیان ساڵی خەڵکی سووریا کۆتایی هات. گەڕانەوەی خۆبەخشانەی پەنابەران زیاتر بووە، ئێمەش لە نزیکەوە چاودێریی ڕووداوەکانی سووریای دراوسێمان دەکەین و هەموو جۆرە ڕێکارێکی پێویستمان گرتووەتەبەر بۆ ئەوەی برایانی سووریمان بەشێوەیەکی خۆبەخشانە و شەرەفاتمەندانە بگەڕینەوە وڵاتی خۆیان."
بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، 40 هەزار پەنابەری سووری لە تورکیاوە گەڕاونەتەوە سووریا.
عومەر بۆلات، وەزیری بازرگانی تورکیا ئاماژەی بەوە دا: "بەگوێرەی قسەی وەزیری ناوخۆ، نزیکەی 40 هەزار پەنابەری سووری گەڕاونەتەوە، پەنابەران دەیانەوێت بزانن ئاخۆ دۆخی ماڵ و حاڵیان لە سووریا چۆنە و چی بەسەر هاتووە. لە هەفتە و مانگەکانی ئاییندە بێگومان گەڕانەوە خێراتر دەبن. وەک وەزارەتی بازرگانی لە ڕێگەی گشتاندنێکەوە ئاسانکاریی بۆ پەنابەرانی سووری دەکەین، بۆ ئەوەی بە ڕێکاری ئاسان بتوانن کەلوپەل، پارە و ئۆتۆمبێلەکانیان ببەنەوە سووریا."
تورکیا و سووریا خاوەنی سنوورێکی 910 کیلۆمەترین، هەشت دەروازەی سنووریشیان لەنێواندا هەیە.
تورکیا، ڕێگە دەدات سەرۆکی خێزانێکی سووری، سێ جارهاتوچۆ لە نێوان تورکیا و سووریادا بکات و کۆتا جاریش بگەڕێتەوە وڵاتی خۆی. ئەم مۆڵەتە لە 1ـی کانوونی دووەمەوە تاوەکوو 1ـی تەمموز بەردەوام دەبێت.