محمود عوسمان: كازمی هیچ هه‌نگاوێكی كرداری بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا نه‌ناوه
ره‌خنه له ئه‌مه‌ریكا ده‌گرێت
K24 – هه‌ولێر:
سیاسه‌تمه‌داری كورد، د. مه‌حمود عوسمان له میانی به‌شداریكردنی له گه‌شتی هه‌واڵه‌كانی كوردستان24دا ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له هه‌مبه‌ر پرسی كورد له عێراقدا گرت و رایگه‌یاند، 17 ساڵه ئه‌مه‌ریكا لێره‌یه، به‌ڵام هیچ خێرێكی بۆ كورد نه‌بووه. له باره‌ی مسته‌فا كازمیشهوه گوتی: تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی كرداری بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا نه‌ناوه. روونیشیكرده‌وه، كورد ده‌بێت به هێز و سه‌نگی یه‌كگرتووییه‌وه بچێته به‌غدا و گفتوگۆی جدی له‌گه‌ڵ كابینه‌ی كازمی بكات.
له باره‌ی گفتوگۆی نێوان هه‌ولێر و به‌غداوه، كه بڕیاره هه‌فته‌ی داهاتوو جارێكی دیكه شاندی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی، د. مه‌حمود عوسمان رایگه‌یاند، "مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیران زۆر قسه ده‌كات، نازانین تا چه‌ند ده‌توانێت ئه‌و شتانه چاره‌سه‌ر بكات. هێشتا كه‌متر باسی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كات. زیاتر باسی پرسی سه‌ربازی و په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و ئه‌مه‌ریكا ده‌كات".
گوتیشی: "دووجار شاندی هه‌رێم چووه‌ته به‌غدا، به‌ڵام هیچی كۆنكریتی درووست نه‌بووه. ده‌بێت چاوه‌ڕوان بین بزانین ئه‌م شانده ده‌چێت چی ده‌كات؟ به‌ڵام ده‌بێت به وردی قسه له‌گه‌ڵ كازمی بكرێت. كازمیش مانگی داهاتوو ده‌چێته ئه‌مه‌ریكا و بانگهێشت كراوه، بۆیه له‌وه ده‌چێت پرسی چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی هه‌ولێر و به‌غدا له پێشینه‌ی كاره‌كانی نه‌بێت، چونكه زیاتر خه‌ریكی دیالۆگی ستراتیجی عێراق و ئه‌مه‌ریكایه. هیوادارم شاندی هه‌رێم كه ده‌چنه به‌غدا هه‌وڵبده‌ن كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و به جدی قسه له‌گه‌ڵ به‌غدا بكه‌ن. ئێستا ناتوانین حوكمی پێشوه‌خته بده‌ین".
هه‌روه‌ها گوتی: "ناشبێت گه‌شبین و خۆشباوه‌ڕ بین، چونكه هێشتا هیچ شتێك نییه گه‌شبینمان بكات و ناكرێت په‌له بكه‌ین".
له باره‌ی به‌شداری كورد له دانووستانی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا، مه‌حمود عوسمان باسی له‌وه كرد، راسته كورد به‌شداره و مافی خۆیه‌تی به‌شدار بێت له‌و دانووستانانه و ئه‌مجاره وه‌زیری ده‌ره‌وه كورده و ره‌نگه دۆسییه‌كه له ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و وه‌زیره كورده بێت.
هه‌روه‌ها گوتی: "به بڕوای من پرسی دیالۆگی ستراتیژی نێوان عێراق و ئه‌مه‌ریكا هیچ سوودی بۆ كورد نییه".
له باره‌ی سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستان و سوودی مانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا بۆ كورد، مه‌حمود عوسمان كه به سیاسه‌تمه‌دارێكی ره‌خنه‌گر له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له هه‌مبه‌ر كورد ناسراوه، گوتی: "ئه‌مه‌ریكا 17 ساڵه لێره‌یه هیچ خێری بۆ كورد نه‌بووه. هیچ كێشه‌یه‌كی كوردی چاره‌سه‌ر نه‌كردووه. كاتێك كێشه‌شمان له‌گه‌ڵ به‌غدا هه‌بووه، هه‌میشه به لای به‌غدا دایشكاندووه. گفتوگۆی ستراتیژیش بۆ ئه‌وه‌یه ئه‌مه‌ریكا وه‌ك ئه‌وه‌ی خۆی ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه. به رای من ده‌بێت عێراقییه‌كان داوا بكه‌ن، ئه‌مه‌ریكا به خواستی عێراق بمێنێته‌وه. هه‌روه‌ها ئه‌مه‌ریكا له گفتوگۆكاندا داوا ده‌كات میلیشیا "به‌ره‌ڵاكانی" حه‌شدی شه‌عبی كه راسته‌وخۆ پشتیوانی ئێرانن، چه‌ك بكات. مسته‌فا كازمی هێشتا هیچی به‌رامبه‌ریان نه‌كردووه".
روونیشیكرده‌وه، په‌یوه‌ستبوونی عێراق به سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه كارێكی ئاسان نییه و ئاسته‌نگی له‌به‌رده‌مه و له‌و باره‌یه‌وه گوتی: "ئێرانیش له‌و به‌ره‌وه‌یه، ره‌نگه نه‌هێڵێت ئه‌و په‌یوه‌ندیانه‌ی عێراق و ئه‌مه‌ریكا ئاسان بێت و ده‌بێت حسابی ئێرانیش بكرێت و پێویسته حكومه‌تی عێراق پرسی ئێران له بیر نه‌كات".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، د. مه‌حمود عوسمان ره‌خنه‌ی له جووڵه‌كانی مسته‌فا كازمی گرت و گوتی: "لام سه‌یره، كازمی هه‌ندێك شتی هه‌یه، ده‌رناخات، كه ده‌یه‌وێت شتی جدی بكات. ده‌بێت كوتله‌كان رازی بكات و ئه‌وان ده‌نگیان بۆ داوه. هه‌نگاوی جدی كه‌می لێ ده‌بینم، دوێنێ و پێرێ چووه‌ته لای مالیكی، له كاتێكدا مالیكی ده‌نگی پێ نه‌داوه و دژی بووه، نازانم بۆچی چووه‌ته لای مالیكی. كۆبوونه‌وه‌ی زۆر و راوێژی زۆر ده‌كات، به‌ڵام هیچی جدی نه‌كردووه، خه‌ڵك چاوه‌ڕوانی كرداری لێ ده‌كات، گه‌نده‌ڵی نه‌هێڵێت و بكوژانی خۆپیشانده‌ران بداته دادگا و میلیشیا به‌ره‌ڵاكان چه‌ك بكات و كێشه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات، به‌ڵام تا ئێستا هه‌نگاوی كرداریمان لێ نه‌بینیوه و نابێت گه‌شبین و خۆشباوه‌ڕ بین به په‌له په‌ل".
سه‌باره‌ت به چوونی شاندی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دانووستانیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی كازمی، د. مه‌حمود عوسمان گوتی: "هیوادارم كورد رێكبن له‌گه‌ڵ یه‌ك. به‌یه‌كه‌وه گفتوگۆی جدی له‌گه‌ڵ كازمی بكه‌ن. به‌داخه‌وه ئێستا پارتی و یه‌كێتی ناكۆكن، گۆڕانیش ناكۆكی هه‌یه، په‌رله‌مان كۆنابێته‌وه، به‌م ره‌وشه‌وه ناتوانین له به‌غدا له دانووستانه‌كان به‌هێز بین. ده‌بێت ره‌وشی ناوخۆمان باش بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین له به‌غدا به‌هێز بین".
سه‌باره‌ت به لێكه‌وته‌كانی په‌رته‌وازه‌یی ناو ماڵی كورد و بوونی كێشه ناوخۆییه‌كانیش گوتی: "به‌غدا ئاگاداری ره‌وشی ئێره‌یه. ده‌زانن ناكۆكی هه‌یه. چاوه‌ڕوانن بزانن له هه‌رێمی كوردستان چی رووده‌دات. ئه‌گه‌ر بزانێت هه‌رێم هه‌روا رێك نین، به هه‌ند وه‌ریان ناگرێت. بایه‌خی كه‌متر به شانده‌كان ده‌دات. پێش به‌غدا پێویسته له هه‌رێمی كوردستان یه‌كڕیز بین. ئه‌گه‌ر ئه‌وه نه‌كرێت، دڵنیام ناكۆكییه‌كانی ئێره هه‌موو جیهان ده‌یبنێت و شتێكی نهێنی نییه. شاندی هه‌رێم با بچێته به‌غدا، به‌ڵام ده‌بێت هه‌وڵی جدیتر لێره بدرێت بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كانمان.
له كۆتایی قسه‌كانیدا، سیاسه‌تمه‌داری كورد، د. مه‌حمود عوسمان جارێكی دیكه ره‌خنه‌ی له سیاسه‌تی ئه‌مه‌ریكا له به‌رامبه‌ر كورد و هه‌رێمی كوردستان گرت و گوتی: "ئه‌مه‌ریكا هیچ ده‌ستتێوه‌ردانی نه‌كردووه، بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی 140، كێشه‌ی نه‌وت و غاز، پرسی بودجه‌ی پێشمه‌رگه. جارجار كێشه له نێوان ئێمه و به‌غدا هه‌بووه، ئه‌مه‌ریكا به‌لای به‌غدا دایشكاندووه. پێویسته كورد بڕوای به ئه‌مه‌ریكا نه‌بێت و پشتی پێ نه‌به‌ستێت، چونكه رهفتاریمان بینیوه له كۆن و ئێستادا. به‌ڵام په‌یوه‌ندی هه‌بێت پێویسته، ئه‌مه‌ریكا وڵاتێكی گه‌وره و به‌هێزه، كورد ده‌بێت خۆی به یه‌كلایه‌نه‌وه هه‌ڵنه‌واسێت. چونكه هیچ زه‌مانه‌تێكی وا نییه بۆ ئێمه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ وڵاتانی دیكه قسه بكه‌ین و په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان هه‌بێت، ئه‌وكات سه‌نگمان زیاتر ده‌بێت و نابێت پشت به ئه‌مه‌ریكا ببه‌ستین. مێژووی كورد ده‌ریخستووه، پشت به‌ستن به ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه".