له‌ ئاكامی بۆردومانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌ی نێروه‌ و رێكان 3 هاووڵاتی شه‌هید بوون

فڕۆكه‌كانی توركیا بۆردومانی نێروه‌ و رێكانیان كرد

K24 – هه‌ولێر:

له‌ ئاكامی بۆردومانی ئه‌مڕۆی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی سنووری نێروه‌ و رێكان، 3 هاووڵاتی گوندنشین شه‌هید بوون.

په‌یامنێری كوردستان24، رایگه‌یاند، ئه‌و هاووڵاتیانه‌ دووانیان له‌ گوندی سیدان شه‌هید بوونه‌، كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی توركیاوه‌ بۆردومان كراوه‌. یه‌كێك له‌ شه‌هیده‌كان ناوی "دیمان دیمقرات ته‌ها"یه‌ و بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی باخ و كاروباری گونده‌كه‌یان گه‌ڕابووه‌وه‌ زێدی خۆی.

هاوكات، نه‌شوان حه‌سه‌ن، به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی سه‌رسنگ، بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند، له‌ "به‌رواری باڵا"، هاووڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن (27 ساڵ) به‌ ناوی (ئه‌مین فه‌لاح) له‌ گوندی "ده‌رگه‌لا میسا به‌گ" شه‌هید بووه‌.

سوپای توركیا ئۆپراسیۆنێكی نوێی دژی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستپێكردووه‌.

دوێنێ خلوسی ئاكار، وه‌زیری به‌رگری توركیا ئاشكرای كرد، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی رابردوودا و له‌چوارچێوه‌ی ئۆپەراسیۆنی چنگی پڵنگ، دژی پێگه‌كه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی 500 پێگه‌ی په‌كه‌كه‌یان كردووه‌ته‌ ئامانج.

هه‌روه‌ها وه‌زیری به‌رگری توركیا ئه‌وه‌شی ئاشكرا كردووه‌، بێجگه‌ له‌ فڕۆكه‌ی ئێف16 و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان، تۆپهاوێژی جۆری هاویتزه‌رسیان به‌كارهێناوه‌.

ئه‌و ئۆپراسیۆنه‌ی سوپای توركیا، دوای ئه‌وه‌ دێت، بۆ چه‌ندین جار حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داوای له‌ هه‌ردوو لایه‌نی پارتی كرێكارانی كوردستان و سوپای توركیا كردووه‌، شه‌ڕ و كێشه‌كانیان نه‌هێننه‌ ناو خاكی هه‌رێمی كوردستان و داواشی له‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ كردووه‌، ناوچه‌ سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌كار نه‌هێنێت.

دوای بۆردومانی دوو رۆژی رابردووی سوپای توركیا و به‌زاندنی ئاسمانی عێراق له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌ توركییه‌كانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ی رۆژانه‌، حكومه‌تی عێراق نامه‌ی ناڕه‌زایه‌تی دایه‌ باڵیۆزی توركیا له‌ به‌غدا و داوایكرد، ئه‌نقه‌ره‌ كۆتایی به‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراق بهێنێت.

هاوكات ژماره‌یه‌ك له‌ وڵاتانی عه‌ره‌بی، له‌ پێشیانه‌وه‌ عه‌ره‌بستانی سعوودییه‌ به‌ به‌یاننامه‌ی ره‌سمی ئیدانه‌ی هێرش و بۆردومانه‌كانی سوپای توركیای بۆ سه‌ر خاكی عێراق كردووه‌.

یه‌كێك له‌ شه‌هیده‌كانی بۆردومانی ئه‌مڕۆ
یه‌كێك له‌ شه‌هیده‌كانی بۆردومانی ئه‌مڕۆ "دیمان دیمقرات ته‌ها"
هاووڵاتیان له‌ شیلادزێ چاوه‌ڕێی گه‌یشتنه‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هیده‌كان ده‌كه‌ن
هاووڵاتیان له‌ شیلادزێ چاوه‌ڕێی گه‌یشتنه‌وه‌ی ته‌رمی شه‌هیده‌كان ده‌كه‌ن
گردبوونه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌ نزیك نه‌خۆشخانه‌ی شیلادزێ
گردبوونه‌وه‌ی هاووڵاتیان له‌ نزیك نه‌خۆشخانه‌ی شیلادزێ