دەم پارتی لەگەڵ جەهەپە و دوو پارتی دیکەی پەرلەمانی تورکیا کۆ دەبێتەوە

بۆ خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئۆجەلان، شاندی دەم پارتی سەردانی جەهەپە و دوو پارتی دیکەی پەرلەمانی تورکیا دەکات.

پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەنراوێکدا کارنامەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025ـی شاندەکەیان کە لە سرری سورەییان ئۆندەر، ئەحمەد تورک و پەروین بوڵدان پێک هاتوون؛ لەگەڵ ژمارەیەک فراکسیۆنی پەرلەمانی تورکیا، بڵاو کردەوە. 

بە گوێرەی ڕاگەیەنراوەکە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، شاندەکەی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەکەن و لەلایەن ئۆزگور ئۆزەلەوە، پێشوازییان لێ دەکرێت. 

هاوکات بڕیارە کاتژمێر 01:00ـی دوای نیوەڕۆ، شاندەکەی دەم پارتی سەردانی پارتی دەڤا بکات و لەلایەن عەلی باباجان، سەرۆکی ئەو پارتەوە پیشوازیی لێ بکرێت. دواهەمین سەردانیش، کاتژمێر 03:30 بۆ لای پارتی یەنیدەن رەفا دەبێت و لەلایەن فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی یەنیدەن رەفا پێشوازییان لێ دەکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندەکەی دەم پارتی بۆ خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی؛ بە جیا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە؛ ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و فراکسیۆنەکانی ئاک پارتی، سەعادەت لە پەرلەمانی تورکیا کۆ ببووەوە. 

ڕۆژەڤی سەرەکیی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی تورکیا، پرسی کورد و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیی ئاشتییە. شاندەکەی دەم پارتی دەیەوێت ناوەرۆکی سەردانەکەیان بۆ گشت لایەنە سیاسییەکان ڕوون بکاتەوە، تاوەکوو کۆدەنگییەکی تەواو لە پەرلەمانەوە هەبێت.