سەرۆکی جەهەپە داوای پێکهێنانی کۆمسیۆنێکی پەرلەمانی بۆ ڕاگەیاندنی پرۆسەی ئاشتی دەکات
سەرۆکی جەهەپە پاڵپشتی خۆی بۆ قۆناغی ئاشتی لە تورکیا ڕاگەیاند و داوا دەکات کۆمسیۆنێک بۆ ئەو مەبەستە لە پەرلەمان پێک بهێندرێت.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، 07-01-2025، شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە پەرلەمانی تورکیا سەردانی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)ـیان کرد و لەلایەن ئۆزگور ئۆزەلەوە، پێشوازییان لێ کرا.
کۆبوونەوەکە نزیکەی دوو کاتژمێری خایاند و دووای کۆبوونەوەکە ئۆزگور ئۆزەل ڕایگەیاند: "پێشنیاز و هەڵوێستی خۆمان بۆ شاندەکەی دەم پارتی لەبارەی قۆناغی ئاییندە دەربڕی. هەڵووێستی مێژوییمان ئەوەیە، دەبێت قۆناغێکی لەو جۆرەدا پەرلەمان پێشەنگ بێت و ناوەندی ئەم پرسە پەرلەمان بێت. پێشتر پشتگیریی خۆمان بۆ هەر هەنگاوێک دەربڕیبوو کە دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەی 50 ساڵەی تورکیا و فرمێسکی چاوی دایکان دەوەستێنێت. بۆ هەنگاوەکانی قۆناغی ئاییندە پێویستە کۆمسیۆنێکی بەهێز لەناو پەرلەمان پێک بهێندرێت و تەواوی پارت و لایەنە سیاسییەکان تێیدا بەشداربن".
وا بڕیارە دوای ئەم کۆبوونەوەیە، شاندەکەی دەم پارتی کە لە سرری سورەییان ئۆندەر، ئەحمەد تورک و پەروین بوڵدان پێک هاتوون؛ سەردانی پارتی دەڤا بکات و لەلایەن عەلی باباجان، سەرۆکی ئەو پارتەوە پیشوازیی لێ بکرێت. دواهەمین سەردانیش، کاتژمێر 03:30 بۆ لای پارتی یەنیدەن رەفا دەبێت و لەلایەن فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی یەنیدەن رەفا پێشوازییان لێ دەکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، شاندەکەی دەم پارتی بۆ خستنەڕووی ئەنجامی کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی؛ بە جیا لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی مەهەپە؛ ئەحمەد داوود ئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە و فراکسیۆنەکانی ئاک پارتی، سەعادەت لە پەرلەمانی تورکیا کۆ ببووەوە.
ڕۆژەڤی سەرەکیی دانیشتنەکانی ئەم هەفتەیەی پەرلەمانی تورکیا، پرسی کورد و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیی ئاشتییە. شاندەکەی دەم پارتی دەیەوێت ناوەرۆکی سەردانەکەیان بۆ گشت لایەنە سیاسییەکان ڕوون بکاتەوە، تاوەکوو کۆدەنگییەکی تەواو لە پەرلەمانەوە هەبێت.